مێسی وێنەی دراوێکی دیجیتاڵی دادەنێت و نرخەکەی 400% بەرز دەکاتەوە

09-07-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مێسی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ دراوێکی دیجیتاڵی بڵاودەکاتەوە. ئەوە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
لە ئێوارەی دوێنێ دووشەممەوە، لیۆنێل مێسی، یاریزانی تۆپی پێی ئەرجەنتین وێنەیەکی خۆی لە ستۆری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام داناوە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، دیمەنی پشت وێنەکەی مێسییە کە دراوێکی دیجیتاڵییە بە ناوی وۆتەر [کە بەواتای ئاو دێت].
 
جگە لەوە، یاریزانەکە پەڕەی سەرەکیی دراوەکەشی لە ئینستاگرام تاگ کردووە.
 
هەرچەندە مێسی هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر وێنەکە نەداوە، بەڵام بەشێک لە هەوادارانی پێیان وایە هاککراوە، بەڵام ئەوە ئەگەرێکی دوورە، چونکە یاریزانەکە ئەمڕۆ وێنەیەکی نوێی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی داناوە. وێنەکەی پێشتریشی نەسڕیوەتەوە.
 
بەشێکی دیکەی هەوادارانیش نیگەرانن لەوەی یاریزانەکە بانگەشە بۆ دراوێک دەکات کە جێگەی متمانە نییە و سەر بە هیچ کۆمپانیایەکی بازرگانیی دیجیتاڵیش نییە کە خاوەن پڕۆژەی گەورە بێت و نرخی دراوەکە لە رێگەیەوە بەرزببێتەوە.
 
دوای ستۆرییەکەی مێسی، نرخی دراوەکە نزیکەی 400٪ بەرزبووەوە؛ نرخی هەر دراوێکی وۆتەر لە 0.00031 دۆلارەوە گەیشتە 0.00146 دۆلار.
 
دراوەکە مانگی رابردوو ناجێگیریی زۆر لە نرخەکەی هەبوو. وێبسایتی دراوەکەش دەڵێت، پێشبینی ناکەن دراوەکەیان بگاتە نرخێکی بەرز و پاداشتێکی دارایی زۆری بۆ بەکارهێنەرانی هەبێت.
 
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە کە هاوکات یاری بۆ یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی دەکات، زیاتر لە 54 ملیۆن فۆڵۆوەرزی لە ئینستاگرام هەیە. ئەمە دووەم زۆرترینە لە دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی پۆرتوگالەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە