سوودانی: بەرهەمی نانەوتی گەیشتووەتە 6٪

09-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، قەبارەی بەرهەمی نێوخۆیی نانەوتی گەیشتووەتە 6٪.
 
ئەمڕۆ شەممە، 9-3-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، قەبارەی بەرهەمی نانەوتیی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبووە و ئێستا 6٪ـی ئابووری عێراق پێکدەهێنێت.
 
گوتەکانی سوودانی لە سەردانێکیدا بوو کە ئەمڕۆ بۆ بەسرە ئەنجامی دا و کارگەیەکی شیش و ئاسنی کردەوە، کە 20 ساڵە لەکارکەوتووە، تێچووی پرۆژەکە 200 ملیۆن دۆلارە و بەرهەمی ساڵانەی 623 هەزار تۆنە.
 
وەک سوودانی دەڵێت، "رۆڵی بەسرە چیدیکە تەنیا ناوەندێک نییە بۆ بەندەرەکانی عێراق و بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵکو وەک ناوەندێکی پیشەسازیی بەهێز سەرهەڵدەدات کە هەردوو پیشەسازی کەرتی گشتی و تایبەت لەخۆدەگرێت."
 
وەک سەرۆکوەزیران دەڵێت، ئەم پەرەسەندنە گەرەنتی نازناوی "پایتەختی ئابووری عێراق بۆ شارەکە دەکات".
 
ئەو کارگەیەی سوودانی دەیکاتەوە، لە ساڵی 2003ـەوە لەکارکەوتووە و بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی گەورەتر بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئاسن و پۆڵا لە عێراق، پلانەکانی بریتین لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە سەرەکییەکان و خزمەتگوزارییە ئەندازیارییە پەیوەندیدارەکان.
 
پشتبەستنی زۆری عێراق بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتەکەی بەرەوڕووی ئەو گۆڕانکارییانەی قەیرانە جیهانییەکان دەبێتەوە کە کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت هەیە، ئەمەش مەترسیی بەرچاو لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروست دەکات.
 
مانگی شوباتی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکرد، داهاتی عێراق لە بودجەی فیدراڵی لە ماوەی 12 مانگدا 135 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بەوەش کۆی بەشداریی داهاتی نەوت لە بودجەدا بۆ 93% دابەزیوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە ئاسایشی وزە و ئایندەی لە عێراق، عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پابەندبوونی دەسەڵاتدارانی عێراقی دەربڕی بۆ "فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و پەرەپێدانی کار لە چەندین بواردا وەک بەشێک لە سیاسەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی کرێچیبوونی" لە پشتبەستن بە نەوت و لەڕووی بەڕێوەبردنی داراییەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 9ی شوباتی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی  عێراق "بۆ کردنەوە و بەدواداچوونی ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاریی گەیشتە پارێزگای بەسرە".
 
بەسرە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی کوێت و سعودیە لە باشوور، ئێران لە رۆژهەڵات، لەنێوخۆدا هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی زیقار و میسان لە باکوور و پارێزگای موسەننا لە رۆژئاوا. 
 
سێیەم گەورەترین پارێزگایە لە رووی ژمارەی دانیشتووان، شەشەم پارێزگای عێراقە لە رووی رووبەر، تاکە دەروازەی ئاوی عێراقە. دەوڵەمەندە بە نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراقە.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە