رووداو دیجیتاڵ
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ئەو کارئاسانییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنوورییەکان بۆ بازرگانان کردوویەتی، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا قەبارەی بازرگانی لە سنووری پەروێزخان زیادیکردووە و رۆژانە 500-600 بارهەڵگر لەو سنووەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد كەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە دەروازەی سنووری پەروێزخان قەبارەی بازرگانی زۆر کەمی کردبوو، بەڵام لە ماوەی سێ مانگی رابردوو و، دوای هەوڵی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی، گۆڕانکاری زۆر بەسەر قەبارەی بازرگانی لەو سنوورەدا هاتووە.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، زۆربەی کاڵاکان کە لە دەروازەی پەروێزخانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە دەچنە عێراق، کاڵای نێوخۆیی ئێرانن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە 250 بارهەڵگر لەو سنوورە دەهاتنە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای چلەی ئیمام حوسێن ئەو ژمارەیە زیادبووە بۆ نزیکەی 700 بارهەڵگر لە یەک رۆژدا، ئێستاش رۆژانە 500 بۆ 600 بارهەڵگر دێنە هەرێمی کوردستان و کارئاسانی زۆر بۆ بازرگانان کراوە.
ئەحمەد كەلاری گوتی: "ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی ئێران لە دەروازەی پەروێزخان هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر هاوردەکردنەوە نەبووە، بەڵکو زیاتریش بووە، بەڵام هاتووچۆی بازرگانان 90٪ کەم یکردووە، خۆشبەختانە ئێستا زۆربەی بازرگانی جیهانی لە رێگەی تەلەفۆنەوە دەکرێت، ئەمەش وایکردووە جموجووڵەکە نەوەستێت. هەروەها لە باشماخ نزیکەی 35٪ کاڵای نێوخۆیی ئێران دێتە هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 200 بارهەڵگر لە کاڵای نێوخۆیی ئێران دێن و ئەوەی دیکە ترانزێتە کە رێژەیەکی زۆری لەو دەروازە سنوورییەوە دێتە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان".
لەبارەی هێنانی وەبەرهێنەرانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، زۆر هانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئێرانیمان داوە بێنە هەرێمی کوردستان و لێرە وەبەرهێنان بکەن، بەڵام دەڵێن لە هەرێمی کوردستان هاوکاری کەمە و نرخی سووتەمەنی زۆر گرانە، بۆیە نایانەوێت کارگەکانیان بهنێننە هەرێمی کوردستان و لێرە وەبەرهێنان بکەن، ئەگەر هاوکاریی بکرێن و کارئاسانییان بۆ بکرێت، ئامادەن بێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ