ئیسرائیل پێشبینیی کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری و کورتهێنانی بودجەکەی دەکات

08-07-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی غەززەوە، ئیسرائیل پێشبینیی کەمبوونەوەی گەشەی ئابوورییەکەی دەکات. بودجەی وڵاتەکەش نزیکە لەوەی گەورەترین کورتهێنانی 25 ساڵی رابردوو تۆماربکات.
 
بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دەڵێت، لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی سەر بە بانکەکە بڕیاریدا رێژەی سوود لە 4.50٪ بهێڵێتەوە. بڕیاربەدەستانی بانکەکە پێشبینی دەکەن لە چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوودا بتوانن رێژەی سوود بۆ 4.25٪ کەمبکەنەوە.
 
ئامیر یارۆن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دەڵێت، بەرپرسان [ـی بانکەکە] پێشبینیی درێژبوونەوەی شەڕ دەکەن لە ئەم ساڵدا و پێیانوایە لە ساڵی داهاتوودا دۆخەکە هێور دەبێتەوە.
 
9 مانگە شەڕی غەززە بەردەوامە. ئێستا مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلیش هەیە.
 
هەرچەندە دانوستاندن بۆ ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هەیە، بەڵام حکومەتی بنامینین نەتەنیاهوو ئامادەکاریی بۆ ئەگەری درێژەکێشانی شەڕی غەززە و، شەڕی دژی حیزبوڵڵاش دەکات.
 
ئەمە وایانکردووە بانکی ناوەندیی ئیسرائیل لە ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی نرخیی دراوەکەی نەتوانێت رێژەی سوودی بانکی کەمبکاتەوە، تەنیا لە سەرەتای ئەم ساڵدا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکیی کەمکردبووەوە.
 
هەر بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕەوە، ئیسرائیل پێشبینیی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریش دەکات.
 
بانکی ناوەندیی وڵاتەکە لە نوێترین خەمڵاندنیدا دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئابووریی ئیسرائیل ئەم ساڵ 1.5٪ و  ساڵی داهاتووش 4.2٪ گەشە بکات.
 
پێشتر بانکەکە پێشبینیی گەشەی ئابووریی 2٪ی بۆ ئەم ساڵ و، 5٪ـی بۆ ساڵی داهاتوو کردبوو.
 
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی شەڕەوە قەبارەی خەرجییەکانی شەڕ گەیشتووەتە 82.5 ملیار شیکڵی ئیسرائیلی کە دەکاتە 21 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار. کورتهێنانی بودجەش 7.6٪ زیادبووە. 
 
بەم ئاستەی ئێستا، بودجەی ئیسرائیل نزیکە لەوەی گەورەترین کورتهێنان لە سەدەی 21ـدا تۆمار بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە