گومرگی سنە: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 1.5 ملیار دۆلاری تێپەراند

08-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەو پارێزگایە لە سێ مانگی رابردوودا 1.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەراورد بە پار 34% زیادیکردووە.  
 
رۆژی یەکشەممە ،7ـی تەمووزی 2024، فەرامەرز ئۆمیدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانیی پارێزگاکە (هەناردە، هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل)، یەک ملیۆن و 330 هەزار و 84 تۆن بووە بە بەهای زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلار.
 
فەرامەرز ئومێدی گوتی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 428 هەزار و 681 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 194 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە هەناردە کراون.
 
سەبارەت بە جۆری ئەو کەلوپەلانەش، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە دەڵێت: زۆربەیان تراکتۆر، بەرهەمەکانی ئاسن، بەرهەمە كشتوکاڵییەکان، بەرهەمە پلاستیکییەکان، کەرەستەی بیناسازی و بەرهەمە شیرەمەنییەکانن.
 
بە گوتەی فەرامەرز ئۆمیدی، ئەو کەلوپەلانە هەناردەی 15 وڵات کراون، کە بریتین لە؛ عێراق، سووریا، ئەفغانستان، ئیمارات، کوێت، رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان، پاکستان، جۆرجیا، هیندستان، تاجیکستان، تورکمانستان، کازاخستان و بولگاریا.
 
دەشڵێت، لەو ماوەیەدا 64 هەزار و 816 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 175 ملیۆن و 414 هەزار دۆلار لە عێراق، ئیمارات، نەمسا، چین، ئیتالیا، ئەڵمانیا و تورکیا هاوردە کراوە.
 
سەبارەت بە جۆری ئەو کەلوپەلانەش، ئۆمیدی رایگەیاند، زێڕ، ئەلەمینیۆم، ئامێر و کەرەستەی کارگەکان و مادەی خاون.
 
بەڕێوەبەری گومرگی سنە ئاماژە بە ئاماری ترانزیتی کەلوپەل لە سنووری ئەو پارێزگایە دەکات و دەڵێت، لەو سێ مانگەدا بڕی 836 هەزار و 587 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزیت کراوە کە بەراورد بە پار، دووهێندە زیادیکردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-05-2024، قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانیی پارێزگاکە، 929 هەزار و 842 تۆن بووە بە بەهای 980 ملیۆن و 850 هەزار دۆلار.
 
فەرامەرز ئۆمیدی، رۆژی 3ـی ئایاری 2024ـیش رایگەیاندبوو، پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە