رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەبارەت بە مووچە لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوو حکومەت هەیە. گوتیشی، بۆ درێژەپێدانی گفتوگۆکان، دوای پشووی جەژن دووبارە سەردانی بەغدا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08-04-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، بەرچاوڕوونی هەیە کە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پارێزبەندییەکی بۆ دروست بکرێت و نەبەسترێتەوە بە هیچ بابەتێکی دیکە.''
هونەر جەمال گوتی، هەنگاو بە هەنگاو هەوڵ دەدرێت زیاتر لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەنە رێککەوتن و گوتیشی، ''هەندێک بابەتی دیکەش پێویستی بە گفتوگۆیە کە پێشبینی دەکەین دوای پشووەکانی جەژن سەردانی بەغدا بکەینەوە و لەگەڵیان [بەرپرسانی عێراقی] قسە بکەین.''
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، پرسی مووچە بە تەواوی لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، ئەگەر نەوت هەناردە نەکرێتەوە، حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان راناگرێت، بەڵام کۆی داهاتی نێوخۆی لێ دەردەکرێت، هەروەها ''تەوتین''ـی مووچەی فەرمانبەرانیش لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵ دەدەن لە رێگەی گفتوگۆوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی بە قەناعەت بگەیێنن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیشدا، بخرێتە سەر خەرجیی سەروەری.
نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا گوشاری سەر مووچەخۆرانیشی کەمکردووەتەوە. هەفتەی رابردوو دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواوبوو و بڕیارە ئەم هەفتەیەش دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار تەواو بێت.
وەک هونەر جەمال ئاماژەی دا، ''لە نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا هەندێک وردەکاریی پەیوەست بە داهاتی نێوخۆ ماوە چارەسەر بکرێن، کە بۆ ئەمەش دەبێ لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ بکەین''.
کردنەوەی هەژماری بانکیی فەرمانبەران بۆ بەبانکیکردنی پرۆسەی وەرگرتنی مووچە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوون، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''بە خۆشحاڵییەوە لە دوایین کۆبوونەوەماندا لێکتێگەیشتنی باش هەیە و پڕۆژەکەی ئێمە [هەژماری من] بەردەوامە و رۆژبەڕۆژ لە فراوانبووندایە.''
تاوەکو ئێستا 235 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی چوار بانکی ناحکومییەوە هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە، دوو بانکی دیکەش بۆ هەمان کار رادەسپێردرێن.
دەرهێنانی کارتی "هەژماری من" لە کاتێکدابوو وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، کردنەوەی هەژماری بانکی دەبێت لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە بن کە ئەوان دیارییان دەکەن، بەڵام دواتر لەسەر ئەم بابەتە تا رادەیەک لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبوو.
هونەر جەمال دەڵێت، ''پڕۆژەکەی ئێمە بە ئاگاداریی هەردوو سەرۆکوەزیران و رەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراقە و، بانکەکان بە پێی رێنمایی بانکی ناوەندی عێراقن و لە سیستمی تەوتینی عێراقدا بەشدارن.''
''لیستی مووچەخۆران لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە دەنێردرێت''
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''بۆ ناردنی لیستی مووچەخۆران سیستمێکی ئەلیکترۆنی لە نێوان ئێمە و بەغدا هەیە، هەروەها هەموو مانگێکیش پرینتی لیستەکە بە پەسندکراوی سەرجەم دامەزراوەکان دەنێرینە وەزارەتی دارایی عێراق''.
هونەر جەمال ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا تەواوی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لەبارەی لیستی فەرمانبەران و مووچەخۆران جێبەجێکراوە، ''بۆیە هیوادارین لەمەودوا، لەو چەند رۆژەدا کە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابەش دەکات، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی ئێمەش بنێردرێت.''
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
تاوتوێی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکرێت
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.
هونەر جەمال لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئاماژەی دا، ''ئەمە بابەتێکی هونەریی وردە و کاتی پێویستە، بەڵام مانگی رابردوو نووسراوی فەرمیمان بۆ سەرجەم وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی سەر بە حکومەت ناردووە و داوامان لێ کردوون بە زووترین کات لیستی مووچەخۆران بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادە بکەن و ئێستا سەرقاڵی ئەم بابەتەن.''
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕێن لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان بە دەست بگاتەوە، ''بۆ ئەوەی دوای وردبینیکردن، ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی [حکومەتی عێراق]ـیشی بکەین کە بێگومان لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە زیاد دەبێت، پێویست بە گفتوگۆ دەکات''.
یەکێک لە کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی گوشاری دارایی و نەناردنی مووچە لە بەغداوە تووشی هاتبوو، بایکۆت و ناڕەزایەتیی وانەبێژان و مامۆستایان بوو کە دواکەتنێکی بەرچاوی لە پڕۆسەی خوێندندا لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، سلێمانی، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکان و قەزای کۆیە پێکهێنا.
پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، هەروەها دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، سەرەکیترین داواکاریی مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژان بوو. هونەر جەمال دەڵێت، ''ئێستا کەشی سیاسی لەبارە و دەتوانین ئەو بابەتانە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ حکومەتی عێراق باس بکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێردرێت، هەوڵی چارەسەرکردنی بابەتەکە دەدەین.''
وەک گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، ''پلەبەرزکردنەوە و گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ یەکێک لەو بابەتانە دەبێت کە لە داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی عێراق باس دەکرێن و کاری لەپێشینەمان دەبێت''.
"600 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی شوبات هەزار دیناری بوون''
بەشێک لە مووچەخۆران لە کاتی وەرگرتنی مووچەکەیان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ''بەغدا بۆ مووچە، پارەی 50 هەزاری و 25 هەزاری دەنێرێت"، بەڵام وەزارەتی دارایی دەستکاریی جۆری پارەکە دەکات. هونەر جەمال رەتیکردەوە لەلایەن ئەوانە دەستکاریی پارەکە بکرێت و گوتی، ''بەغدا پارەی کاش بۆ ئێمە نانێرێت، بەڵکو ناردنی مووچە لە رێگەی حەواڵە و نووسراوی فەرمی دەبێت و ئێمە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی هەر پارەیەکی لەبەر دەستیان بێت وەریدەگرین.''
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مووچەی مانگی شوبات، 600 ملیۆن دینار پارەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بە شێوەی یەک هەزار دیناری وەرگرتووە، هەروەها 101 ملیار دینار لە جۆری پێنج هەزار دیناری، 135 ملیار دینار لە جۆری 10 هەزار دیناری بووە و تەنیا 282 ملیار دیناریان بە شێوەی 25 هەزار دیناری و 80 ملیار دیناریشیان بە شێوەی 50 هەزار دیناری وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ