رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، دابەزینی نرخی بیتکۆین کاتی و ئاساییە؛ بەشێک لە دامەزراوەکان بە مەبەست فرۆشتوویانە و دواتر دەیکڕنەوە.
د. فەرهەنگ مەغدید، پسپۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، یەکەمجار نییە هەواڵی ئەرێنی و خۆش هەبێت، بەڵام نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان دابەزێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ترەمپ بڕیاری دامەزراندنی یەدەگی بیتکۆینی دا. ئێوارەی رۆژی دواتریش لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان کۆبووەوە.
وەبەرهێنەر و بەڕێوەبەرانی پلاتفۆڕمە گەورەکانی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، وەک دەیڤد ساکس، کامێرۆن، تایلەر وینکلیڤۆس، برایان ئارمسترۆنگ، میشێل سایلەر و چەندانی دیکە.
مەبەستی سەرەکیی لووتکەکە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بوو لەبارەی "خێراترکردنی گەشەی دراوە دیجیتاڵییەکان" لەگەڵ زەوینەسازیی بەیاساییکردنی سێکتەرەکە.
سەرەڕای ئەو پێشهاتانە کە چاوەڕوان دەکرا گەشبینییەکی زۆر لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان دروستبکەن، نرخی بیتکۆین ئەمڕۆ نزیکەی چوار هەزار دۆلار دابەزی و بە نزیکەی 85 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەوشارەزایە دەڵێت، ئەو دابەزینە ئاساییە، چونکە ئەو دراوانە بەدەست کۆمەڵێک کەس و دامەزراوەوەن و خۆی تۆڕێکە بۆ خۆی کە کارگێڕی و چاودێریی هیچ دامەزراوە و کۆمپانیایەکی فەرمی لەسەر نییە، بەتایبەتی بیتکۆین.
ئەم قسانەی د. فەرهەنگ لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
لە مانگی 12ـی 2017 بە دیاریکراوی خەڵک و وەبەرهێنەرانی زیاتر روویان کردە دراوە دیجیتاڵییەکان و نرخەکەی بەرزبووەوە و ئەو کاتە گەیشتە 21 هەازر دۆلار.
ساڵی 2025 بۆ بیتکۆین زۆر گرنگە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لەو ساڵەدا حکومەتەکانی وڵاتان زیاتر روو بکەنە بیتکۆین و یاسای بۆ دابنێن.
ئەو شارەزایە گوتی: "لەمێژە خەڵک پێمان دەڵێت بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە "وەهمین"، بەڵام تەکنەلۆژیا و پرۆگرامێکی زۆر ئاڵۆز و گەورەیان لەپشتە. کۆبوونەوەکەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بۆ بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان و دەیسەلمێنێت کە وەهمی نین".
د. فەرهەنگ مەغدید گوتی: "بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین کاتمان پێویستە. کاتێک هەواڵێکی ئەرێنی بڵاو دەبێتەوە، بەهۆی جیاوازیی کات لەنێوان ئاسیا و ئەمریکا و بەشەکانی دیکەی جیهان، درەنگتر نرخەکەی بەرزدەبێتەوە".
هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە دامەزراوە داراییەکانی جیهان روویان لە دراوە دیجیتاڵییەکان و بیتکۆین کردووە. ئەو دامەزراوانەش زۆرجار لەو کاتانەی هەواڵێکی ئەرێنی بڵاودەبێتەوە، بەپێچەوانەی وەبەرهێنەرەکانەوە دراوەکانیان دەفرۆشن. ئەوەش تاڕادەیەک بێ متمانەیی و ناجێگیری لە بازاڕ دروست دەکات و نرخەکان دادەبەزن. دواتر خۆیان دەیکڕنەوە، ئەوە بە گوتەی ئەو شارەزایە.
ئێستا قەبارەی بازاڕی بیتکۆین نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلارە. د. فەرهەنگ دەڵێت، ساڵانە قەبارەی بازاڕی بیتکۆین 20٪ زیاد دەکات. بۆیە لە مەودای درێژخایەنیشدا پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکرێت.
رۆژی 20ـی مانگی یەکی ئەم ساڵ نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە 108 هەزار و 785 دۆلار. ئەوە بەرزترین ئاستی نرخەکەی بوو لە مێژوودا.
د. فەرهەنگ دەڵێت، پێشبینیی دەکرد لە 2024ـدا نرخی بیتکۆین بگاتە 170 هەزار دۆلار، بۆ ئەم ساڵیش ئەم پێشبینییەی هەیە.
ئەو شارەزایە دەڵێت، زۆرێک لە شارەزا و ناوەندە گەورەکانی جیهان پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ یان ساڵی داهاتوو، نرخی یەک بیتکۆین بگاتە ملیۆنێک دۆلار؛ گوتیشی، هەرچەندە رەنگە گەیشتن بەو نرخە زەحمەت بێت، هەواڵەکانیش زۆر بەهێزن.
د. فەرهەنگ دەشڵێت، ئێستا کاتی کڕینی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکانە. جگە لە بیتکۆینیش، دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە کە بچووکترن لە بیتکۆین و بە "ئاڵتکۆین" ناسراون، تەکنەلۆژیاکەیان بەهێزە و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکانیان هەیە.
ئەمڕۆ هاوشێوەی دراوە دیجیتاڵییەکان، دراوەکەی ترەمپیش دابەزی. ئەو دراوە ئەمڕۆ بە نزیکەی 12 دۆلارە و 4٪ نرخەکەی دابەزیوە. لە سەرەتای دروستبوونیشیەوە 81٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
ئەو پسپۆڕە لەبارەی ئەو دراوەی ترەمپەوە دەڵێت، جێگەی متمانە و شیاوی وەبەرهێنان نییە، چونکە سەرەتای دروستبوونی پلان بۆ دارێژڕاو بوو و دوای بەرزبوونەوەکەی یەکەم رۆژی، ئێستا هێزی تێدا نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ