هاونیشتمانیان دەڵێن، چەندین ملیۆن دۆلاریان لە پلاتفۆرمێکدا دیار نەماوە

08-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد درووستکراوە و ئاماژە بە دزینی پارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەدات.
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد درووستکراوە و ئاماژە بە دزینی پارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەدات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی پایکۆ لە هەرێمی کوردستان داخرا و بەشداربوویەک دەڵێت، نزیکەی 8 ملیۆن دۆلاری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی تێدایە.
 
پلاتفۆرمەکە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی گرووپی وەتسئەپەوە کاری دەکرد. هەر گرووپێک ئەدمینێکی بەرپرسی کۆمپانیای پایکۆی تێدا بوو، بەڵام هەموویان چەند رۆژێکە لە گرووپەکان دەرچوون.
 
ئەو دۆخەی باس دەکرێت چوار رۆژە دەستی پێکردووە و تۆڕی میدیایی رووداو هەر زوو بەدواداچوونی کرد، بەڵام سەرەتا گوترا کێشەکە تەنیا لە راکێشانی پارەیە و چارەسەر دەبێت.
 
چەکدار عەبدولعەزیز، بەشداربووی پلاتفۆرمەکە کە خەڵکی شیلادزێیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ هەینی 8-3-2024 میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد و رایگەیاند، لە کانوونی یەکەمی رابردوودا کێشەیەک لە راکێشانی پارە لە پلاتفۆرمەکە دروستبوو، بەڵام هەر ئەو کات چارەسەر بوو و گوتیشی، دواتر پلاتفۆرمەکە بەشێوەیەکی زۆر "بەربڵاو" لەنێو خەڵکیدا بڵاوبووەوە.
 
چەکدار عەبدولعەزیز باسی لەوەشکرد، "نوێنەرانی کۆمپانیاکە بە وڵاتانی ئاسیادا دەگەڕان و ریکلامیان بۆ پلاتفۆرمەکە دەکرد. سەرەتاش کارەکە بە 10 دۆلار بۆ 15 دۆلار دەستی پێکرد و دواتر وای لێهات خەڵک هەبوو هەزار دۆلاری دەخستە نێو پلاتفۆرمەکە".
 
بە گوتەی ئەو بەشداربووە، 10 هەزار بۆ 15 هەزار دۆلار تەنیا پارەی هاونیشتمانییانی دانیشتووی شیلادزێ لەنێو ئەو پلاتفۆرمەدایە.

 

 

چەکدار عەبدولعەزیز گوتیشی، "کۆمپانیاکە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئۆفەرێکی راگەیاند کە پارەی بەشداربووانی دەکردە چەند بەرامبەر و دواجاریش 24 کاژێر ئۆفەرەکەی درێژکردەوە، لەو کاتەدا کەسێک هات 1300 دۆلاری خستە نێو پلاتفۆرمەکە و ئەو پارەیە بووە 16 هەزار دۆلار، بەڵام نەیتوانی رایبکێشێت و ئیدی زانرا کە فێڵ لە ئۆفەرەکەدا هەیە".
 
بە گوتەی یەکێکی دیکە لە بەشداربووان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، نزیکەی 800 دەفتەر دۆلار پارەی هاونیشتمانییان لەنێو پلاتفۆرمەکەیە.
پلاتفۆرمەکە بە جۆرێک بووە کە هەر کەسێک توانیویەتی هاوڕێ و کەسی دیکە لە گرووپێکدا کۆبکاتەوە، بەوەش ئاستەکەی بەرزبووەتەوە.
 
چەکدار دەڵێت، خەڵک هەبووە زێڕی ماڵەکەی فرۆشتووە و لەو پڕۆگرامەدا بەشداری کردووە.
 
پایکۆ بریتییە لە پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتی و نزیکەی 8 ملیۆن بەکاربەری لە جیهاندا هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە