نرخی کاکاو گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو

08-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی کاکاو زیاتر لە 200 دۆلاری دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8.2.2024، نرخی کاکاو 210 دۆلاری دیکە بەرزبووەوە و هەر تۆنێک گەیشتە 5 هەزار و 620 دۆلار.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممەش نرخی هەر تۆنێک کاکاو لە بۆرسەکانی نیویۆرک و لەندەن زیاتر لە 200 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتبووە 5 هەزار و 417 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی بوو لە 46 ساڵی رابردوودا.
 
بەم پێیە، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی هەر تۆنێک کاکاو زیاتر لە 200 دۆلار بەرزبووەتەوە و لە بەرزترین ئاستی مێژووە.
 
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی بەرهەمی کاکاو لە ناوچە سەرەکییەکانی کاکاو لە رۆژئاوای ئاسیا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
 
شەپۆلی گەرمای ئێل نینۆ، ئێستا لە وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا زیاتر بووە، ئەوەش بووەتە هۆی وشکبوونەوەی کێڵگەکانی کاکاو و ئەگەری کەمبوونەوەی بەرهەمەکەی زیادبووە، بەتایبەتیش لە وڵاتانی کۆتدیڤوار و غانا کە بەرهەمهێنەری سەرەکیی کاکاون.
 
کارستێن فریتسچ، شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمێرزبانکی ئەڵمانی دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، "پێدەچێت بەرزبوونەوەی نرخی کاکاو بۆ 5 هەزار و 379 دۆلار کە بەرزترین ئاستی پێوانەییە لەدوای ساڵی 1977 تەنیا لەسەر کات وەستابێت".
 
لە بەرامبەر ئەو پێشهاتەدا، کۆتدیڤوار هەناردەی کاکاوی لەم ساڵدا بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.
 
سیاکا سیلا، سەرۆکی کۆمەڵەیەکی کشتوکاڵیی کۆتدیڤوار کە هەزار و 500 جووتیاری کاکاو لەخۆدەگرێت دەڵێت، "لە 20 ساڵی رابردوودا نەمبینیوە بەرهەمی کاکاو وەکو ئێستا کەم بێت".
 
سیلا دەڵێت، "رەنگە بەرهەمی ئەم ساڵمان بگاتە هەزار و 900 تۆن، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بەرهەممان گەیشتبووە سێ هەزار تۆن".
 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە تشرینی یەکەمی پارەوە تاوەکو مانگی رابردوو، هەناردەی کاکاوی کۆتدیڤوار 35٪ کەمبووەتەوە.
 
لە بەرامبەر کێشەی بەرهەمهێنان، خواست زۆر زیاترە لە خستنەڕووی کاکاو، بەوهۆیەشەوە لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە تائێستا، نرخی کاکاو زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی کاکاو کە بەزۆری بۆ دروستکردنی شوکڵاتە بەکاردێت، مەترسیی زیادبوونی هەڵاوسانی زیادکردووە، بەتایبەتیش کە رێژەکە لە وڵاتانی زلهێزی ئابووری هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە.
 
بەپێی رێکخراوی کاکاوی جیهان، کۆتدیڤوار و غانا نزیکەی 60٪ـی بەرهەمی کاکاوی جیهان بەرهەمدەهێنن.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە