نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ "کاتی کڕین نییە"

07-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
زێڕ لە دووکانێکی زێڕی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
زێڕ لە دووکانێکی زێڕی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێر 70 دۆلار دابەزیوە. شارەزایەکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "کاتی کڕینی زێڕ نییە."
 
رۆژی هەینی 07-06-2024 هێژا رەڤەندی، شارەزای بنچینەیی بازاڕە داراییەکان میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ حکومەتی چین بڕیاریدا کڕینی زێڕ رابگرێت. هەواڵەکە راستەوخۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕی لە 2378 دۆلارەوە بۆ 2332 دۆلار دابەزاند.
 
هێژا رەڤەندی دەڵێت، "ئێستا کاتی کڕینی زێڕ نییە و ئەگەری دابەزینی زیاتری زێڕ هەیە." ئاماژە بەوەش کرد، ئێستا لەڕووی تەکنیکییەوە هەندێک ناوچە هەن یەکلاییکەرەوەن لە بابەتی زێڕدا، "2297 دۆلار بۆ 2289 دۆلار ناوچەی کڕینە. ئەوەش ئەگەر کاژێرێک لە خوار 2316 بمێنێتەوە."
 
ئەو شارەزایە ئەوەشی خستەڕوو، "بانکی ناوەندیی چین بە شێوەیەکی کاتی کڕینی زێڕی راگرتووە و لە داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش هاوشان لەگەڵ کەمکردنەوەی رێژەی سوود، لە درێژخایەندا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر زێڕ دەبێت."
 
داتاکانی ئەمریکا کە ئەمڕۆ بڵاوبوونەوە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر زێڕ دانا.
 
کاژێر 15:30ی ئەمڕۆ وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 272 هەزار کەس دامەزراون. ژمارەکە لە مانگی نیساندا 172 هەزار کەس بوو.
 
ئەمە دابەزینی زێڕی خێراتر کرد، چونکە پێچەوانەی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکایە کە دەیەوێت بێکاری زیاد بێت تاوەکو رێگری لە خەرجیی زیاتر و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بکات، ئەوەش گەشبینی بە دابەزاندنی رێژەی سوود کەمدەکاتەوە.
 
لەدوای راپۆرتەکەی ئەمریکا، نرخی زێڕ نزیکەی 30 دۆلاری دیکە دابەزی و بە 2306 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەم جۆرە، تەنیا ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 70 دۆلار دابەزی.
 
بەپێی داتای ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، بانکی ناوەندیی چین لە ساڵی رابردوودا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهاندا و 7.23 ملیۆن ئۆنسە زێڕی کڕیوە.
 
بەپێی ئامارەکان، لە کۆتایی مانگی ئایاردا بانکی ناوەندیی چین زیاد لە 2250 تۆن زێڕی هەبووە، ئەوەش بەراورد بە مانگی پێشتر هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.
 
هێشتا بانکی ناوەندیی چین هیچ راگەیێندراوێکی فەرمیی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. دوو ساڵە خواستی بانکە ناوەندییەکان لەسەر زێڕ زیاد بووە. ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە لەو ماوەیەدا.
 
ئۆلێ هانسن، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵاکان لە بانکی ساکسۆ دەڵێت، "چین لە دۆخێکدا نییە لە کڕینی زێڕ بوەستێت، بەڵام راگرتنی کڕینەکە ئاماژەیە بەوەی ئەوانیش مرۆڤن و دوودڵن لە کڕینی زێڕ بە نرخێکی پێوانەیی."
 
ئەو بەرپرسەی بانکی ساکسۆ دەشڵێت، "بەگشتی، زێڕ هێشتا لە دۆخێکی بەهێزدایە، ئەمەش رەنگە ماوەی راگرتنی کڕینی زێڕ لەلایەن چینەوە درێژ بکاتەوە. بەڵام ئاسۆی بەرزبوونەوەی زێڕ لە دیمەنە گشتییەکە نەگۆڕاوە."
 
حاجی هەژار قادر، شارەزا و بازرگانی زێڕ بە رووداوی گوت، بەو نرخەی ئێستای ئۆنسەیەک، سبەی لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 هەزار دینار دادەبەزێت.
 
ئەو بازرگانە پێشبینی دەکات کە "رەنگە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 سبەی بە 480 بۆ 485 هەزار دینار بێت."
 
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە کاتی داخستندا نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=560,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=510,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=490,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=420,000
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە