چین کڕینی زێڕی راگرت و نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 40 دۆلار دابەزی

07-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی 7-6-2024 نرخی زێڕ 40 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە دوو هەزار و 336 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە چین رایگەیاند، دوای 18 مانگ کڕینی لەسەریەک، کڕینی زێڕ رادەگرێت.
 
بەپێی داتای ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، بانکی ناوەندیی چین لە ساڵی رابردوودا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهاندا و 7.23 ملیۆن ئۆنسە زێڕی کڕیوە.
 
بەپێی ئامارەکان، لە کۆتایی مانگی ئایاردا، بانکی ناوەندیی چین زیاد لە دوو هەزار و 250 تۆن زێڕی هەبووە، ئەوەش بەراورد بە مانگی پێشتر هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.
 
هێشتا بانکی ناوەندیی چین هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
دوو ساڵە خواستی بانکە ناوەندییەکان لەسەر زێڕ زیادبووە. ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە لەو ماوەیەدا.
 
ئۆلێ هانسن، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵاکان لە بانکی ساکسۆ دەڵێت، "چین لە حاڵەتێکدا نییە لە کڕینی زێر بوەستێت، بەڵام راگرتنی کڕینەکە ئاماژەیە بەوەی ئەوانیش مرۆڤن و دوودڵن لە کڕینی زێڕ بە نرخێکی پێوانەیی.
 
ئەو بەرپرسەی بانکی ساکسۆ دەشڵێت: "بەگشتی، زێڕ هێشتا لە دۆخێکی بەهێزدایە، ئەمەش رەنگە ماوەی راگرتنی کڕینی زێڕ لەلایەن چینەوە درێژبکاتەوە. بەڵام ئاسۆی بەرزبوونەوەی زێڕ لە دیمەنە گشتییەکە نەگۆڕاوە."
 
حاجی هەژار قادر، شارەزا و بازرگانی زێڕ بە رووداوی گوت، بەو نرخەی ئێستا، سبەی لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان 5 بۆ 10 هەزار دینار دادەبەزێت.
 
ئەو بازرگانە پێشبینی دەکات: کە "رەنگە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 سبەی بە 480 بۆ 485 هەزار دینار بێت."
 
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە کاتی داخستندا نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=560,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=510,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=490,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=420,000

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە