بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوودی بانکی 1.25% بەرزکردەوە

07-06-2018
رووداو @Rudawkurdish
بەهای لیرە بەامبەر بە دۆلاری ئەمریکی 2% بەرزبووەوە
بەهای لیرە بەامبەر بە دۆلاری ئەمریکی 2% بەرزبووەوە
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-

رووداو- هەولێر 

رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندی تورکیا کۆبووەوە بۆ سەقامگیرکردنی بەهای لیرە، بڕیاریدا سوودی بانکی بەڕێژەی 1.25% بەرزبکاتەوە بۆ  17.75%، بەو هۆیەشەوە بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار بەڕێژی 2% دوای کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی بەرزبووەوە.

بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا دوای ئەوە دێت، رەجەب تەیب ئەردوغان، بەردەوام رەخنەی لە سیاسەتی نەختی بانکەکە گرتووە و داوای دابەزاندنی سوودی بانکی دەکات.

هەرچەندە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیا و هەروەها کۆبوونەوەی محەممەد شمشەک، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەگەڵ مورات چەتینکایا، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە لە لەندەن، بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای لیرە، بەڵام هێشتا بەهای لیرە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە ئاستێکی نزمدا مامەڵەی پێوەدەکرێت و رێژەی هەڵاوسانیش لەو وڵاتە بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر روێشتووە و گەیشتووەتەوە 12.15%.

محەممەد شیمشەک، رایگەیاندووە، دوای هەڵبژاردنی 24ـی مانگ یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەییەکانی حکومەتی تورکیا دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانییە لەو وڵاتەدا.

جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەروەها ئاماژەی بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، شۆکی دابەزینی بەهای لیرە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەروەها تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوی رێژەی هەڵاوسانن.

لە سەرەتای ساڵی 2018 بەهای هەر دۆلار یەکسان بوو بە 3.78 لیرە و تێکرای بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرە لە ساڵی 2017ـدا 3.65 لیرە بوو، بەڵام رۆژی چوارشەممە لەکاتی داخستنی مامەڵەکانی ناو بازاڕی دراوەکان هەر دۆلار بە 4.62 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ کاروبای ئابووری هەروەها رایگەیاند، هەرچەندە بانکی ناوەندی رێوشوێنی گونجاوی بۆ  بەرزکردنەوەی بەهای لیرە گرتووەتەبەر، بەڵام حکومەتیش هەوڵدەدات لەرێی دانانی رێوشوێنی گونجاو لە مەترسییەکانی دابەزینی بەهای لیرە کەمبکاتەوە.

جەتینکایا و شیمشەک لە لەندەن هەروەها ئاماژەیان بەوە دابوو، کە ئەگەر رێژەی هەڵاوسان زیاتر بێت لە پێشبینییەکانی حکومەت، ئەوا ئەگەری هەیە بانکی ناوەندی تورکیا جارێکی دیکە رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە