رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕێین لە بەغداوە ئەو 400 ملیار دینارە بگات کە بڕیاری لێ دراوە، بە گەیشتنی؛ نزیکەی 55٪ـی گرفتی مووچە چارەسەر دەبێت و داهاتی ناوخۆش کۆدەکرێتەوە، دواتر "وەزارەتی دارایی باشتر بەرچاوی روون دەبێتەوە بۆ دابەشکردنی مووچە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-05-2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا زیاتر لە 100 ملیار دینار داهات هەیە، هەندێكی دیکەش ماوە کۆبکرێتەوە، مووچەی لیوا هاوبەشەکانیش دراوە."
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، بەغدا بڕیاری داوە ئەم هەفتەیە 400 ملیار دینارەکە بنێرێت، چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لەوێ بڕیار لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەدرێت.
رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 200 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشید و 200 ملیاری دیکەش لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
فارس عیسا ئەوکات بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکانیان لە بەغدا کۆتایی پێهێناوە و گرێبەستی ناردنی پارەکەیان تەواو کردووە، "هیچ نەماوە و تەنیا ماوە پارەکە بنێردرێت".
رۆژی سێشەممە، 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە
ئەو بڕیارەی حکومەت دوای ئەوە هات کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی کرد کە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەت بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو پێشنازەی خستە دەنگدانەوە و بەکۆی دەنگ پەسند کرا.
5ـی نیسانی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە.
لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیشیان خانەنشینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ