ترەمپ سەرانی بیتکۆین لە کۆشکی سپی کۆدەکاتەوە

07-03-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ترەمپ بڕیاری دامەزراندنی یەدەگی بیتکۆینی دا. ئەمڕۆش لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان کۆدەبێتەوە.
 
کۆبوونەوەکە بڕیارە کاژێر 13:30 بۆ 17:30 بە کاتی واشنتن (کاژێر 21:30 بۆ 01:30ـی ئەمشەو بە کاتی هەولێر) لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرکردایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات. وەبەرهێنەر و بەڕێوەبەرانی پلاتفۆڕمە گەورەکانی بوارەکەش تێیدا بەشدار دەبن، وەک دەیڤد ساکس، کامێرۆن، تایلەر وینکلیڤۆس، برایان ئارمسترۆنگ، میشێل سایلەر و چەندانی دیکە.
 
مەبەستی سەرەکیی لوتکەکە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە لەبارەی "خێراترکردنی گەشەی دراوە دیجیتاڵییەکان"، هاوکات زەمینەسازیی بەیاساییکردنی سێکتەرەکەشە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆکرد بۆ دامەزراندنی "یەدەگی ستراتیژیی بیتکۆین".  
 
بڕیاری دامەزراندنی یەدەگە ستراتیژییەکە نەبووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە، بەوپێیەی ترەمپ رایگەیاند، بەو بیتکۆینانەی هەیانە یەدەگەکە دادەمەزرێنن و بیتکۆینی زیاتر ناکڕن، لە ئەگەرێکی لەو شێوەیەدا خواستێکی زۆر لەسەر بیتکۆین دروست دەبوو و نرخەکەی بەرزدەکردەوە.
 
سەرەڕای ئەوەش، هەر هەنگاوێکی کرداری لەبارەی بەیاساییکردنی سێکتەرەکە، دەکرێت دووبارە گەشبینی بگەڕێنێتەوە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان.
 
لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ زوو سەرنجی هەوادارانی دراوە دیجیتاڵییەکان بەگشتی و بیتکۆین بەتایبەتیی بۆ لای خۆی راکێشا و گوتی، "ئەمریکا دەکەمە پایتەختی بیتکۆین لە جیهان".
 
لە تەمموزیشدا گەورەترین کۆنفرانسی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ناشڤیل بەڕێوەچوو. ترەمپ قسەکەرێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بوو. لەوێش بەڵێنیدا "یەدەگێکی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بیتکۆین" دروستبکات. بەڵێنیشیدا پارێزگاری لەو بیتکۆینانە بکات کە ئەمریکا خاوەنیەتی و نەیانفرۆشێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە