رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ئاستی ستانداردی جیهانی کەمترە و لە هەر 100 هەزار کەس، 151 تووشبووی شێرپەنجە هەن.
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێگەی تیشک لە دهۆک داندرا. لە رێوڕەسمەکەدا سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لە 100 هەزار کەس، 151یان تووشبووی شێرپەنجەن.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی باشترە، کە بریتییە لە 190 تووشبوو بۆ هەر 100 هەزار کەس، گوتیشی، ''ساڵانە زیاتر لە 19 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە جیهان تووشی شێرپەنجە دەبن.''
سندووقی شێرپەنجە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''بوونی یاسای تایبەت بە سندووقی شێرپەنجە پاڵپشت و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانن بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە.''
لە هەرێمی کوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە هەن، سامان بەرزنجی باسی لەوە کرد، ''جگە لە سەنتەر و نەخۆشخانەکان، پێنج ئامێری چارەسەرکردنی بە تیشک لە هەولێر و سلێمانی هەن، کە رۆژانە تا درەنگی شەو لە خزمەتی هاووڵاتیاندان و رۆژانە نزیکەی 200 نەخۆش و تووشبووی شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن.''
بەگوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رەوشی دەرمانی شێرپەنجە و چارەسەر کیمیایی قورسترین بەشی خزمەتگوزاریی شێرپەنجەن و رۆژانە نزیکەی 40٪ـی تووشبووان و نەخۆشان لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانی کیمیایی سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش جگە لە ژمارەی زۆری ئاوارە و پەنابەران و سەردانی نەخۆش لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە.
سامان بەرزنجی گوتی، بە گشتی نزیکەی 250 جۆری دەرمان و چارەسەری کیمیایی بۆ شێرپەنجە هەن کە زیاتر لە 90٪ـی ئەم چارەسەرانە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستن، ئاماژەی بەوەشکرد، ''سەرجەم چارەسەرە کیمیایی و دەرمانییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بێ بەرامبەرە و تێکڕای خەرجیی چارەسەرکردنی هەر نەخۆشێک، بەلانیکەمەوە نزیکەی 180 هەزار بۆ 200 هەزار دۆلارە.''
ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێگەی تیشک لە دهۆک 500 رۆژە و لەسەر رووبەری 17 دۆنم بە گوژمەی 17 ملیار و 322 ملیۆن دینار دروست دەکرێت، کە لە 130 ژوور پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ