وەزیری نەوتی عێراق: بۆ قەرەبووکردنەوەی راگرتنی نەوتی کوردستان، بەرهەمی نەوتمان زیادکردووە

06-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، دانوستاندن لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام ئەوان بۆ قەرەبووکردنەوەی راگرتنی هەناردەی نەوت، بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی باشووری عێراق زیاد دەکەن. لەبارەی گازیشەوە دەڵێت، لە رێگەی گرێبەستەکانی خولی پێنجەم و شەشەمی کێڵگەکانی گازییەکان، دەتوانن بگەنە "ئاستی خۆبژێوی" و گاز هەناردەی دەرەوەش بکەن.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت[ـی هەرێمی کوردستان] لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە بە گوتەی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەوە زیان بە بۆرییەکە گەیشتووە.
 
وەزیری نەوت گوتی، پێویستە لایەنی عێراقی بەشدار بێت لە چاککردنەوەی زیانەکانی بۆریی "هاوبەش"ی نێوان هەردوو وڵات. ئاماژە بە "ئەزموونی گەورەی" عێراق لە بواری نۆژەنکردنەوەی بۆرییە زیانلێکەوتووەکانیش دەکات.
 
عەبدولغەنی باسی لەوەشکردووە، ئەو نەوتەی کە لە رێگەی بەندەری "جەیهانەوە" هەناردە دەکرێت، رۆژانە 500 هەزار بەرمیل بووە. 
 
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان بە بودجەی عێراق دەگەیێنێت و ئەوەش رێگەپێدراو نییە، بۆیە کار لەسەر زیادکردنی هەناردەی نەوت لە باشووری وڵاتەکە دەکەن بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دروستبووە؛ بۆ ئەو مەبەستەش، مانگی رابردوو 50 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتریان هەناردەکردووە.
 
عەبدولغەنی لەبارەی گازی سرووشتیشەوە دەڵێت، لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتی ئێستای عێراقەوە، وەزارەتی نەوت سەرنجی خستووەتە سەر  زۆرترین وەبەرهێنان لە کەرتی گازی سرووشتی. وەزیری نەوت دەشڵێت، خولی پێنجەمی مۆڵەتدانیان بە کێڵگە گازییەکان دەستیپێکردووە و گرێبەست لەگەڵ 5 کۆمپانیا بۆ پێنج کێڵگەی غازی نزیک لە سنووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە واژۆکراوە.
 
وەزیری نەوت باس لەوەش دەکات، بەرهەمی ئەو پێنج کێڵگەیە دەگاتە 800 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی و ئامانجیشیانە تاوەکو ساڵی 2030 سووتاندنی گازی هاوەڵی نەوت رابگرن.
 
عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد، خولی پێنجەمی مۆڵەتدانی کێڵگەکانی گاز، گەڕان بەدوای هەندێک بلۆکی نەوتیش دەگرێتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ خواستی زۆر لە کۆمپانیاکان بۆ بەشداریکردن لەم خولەی مۆڵەتدانەکان. 
 
حەیان عەبدولغەنی گوتیشی، خولی شەشەمی مۆڵەتدان دەستیپێکردووە کە 13 بلۆکی گەڕان بەدوای گاز لە رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە و لەسەر سنوورەکانی سووریا، ئوردن و سعودیەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە پارێزگای دیوانیە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە عێراق زیاتر لە ملیارێک پێ سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، کە مەبەست لێی دابینکردنی گازی پێویستە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا. بەڵام وەزیری نەوت دەڵێت، لە رێگەی ئەو گرێبەستانەی ئاماژەیان پێکراوە، "عێراق دەتوانێت بگاتە قۆناخی خۆبژێوی لە گاز و،رەنگە بتوانێت هەناردەشی بکات".
 
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی رێککەوتنەکەیان لە بواری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵیش دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە، بەرهەمی گاز لە باشووری عێراق لە 5 کێڵگەدا دەگاتە 600 ملیۆن پێ سێجا و بە دوو قۆناخ تەواو دەبێت؛ قۆناخی یەکەم لە ماوەی سێ ساڵ و، قۆناخی دووەمیش لە ماوەی 5 ساڵدا تەواو دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە