یەکەمین بانکی ناوەندی رێژەی سوودی کەمکردەوە

06-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دواجار، یەکێک لە بانکە ناوەندییە گەورەکان بەستەڵەکی رێژەی سوودی بانکیی تواندەوە. بانکی ناوەندیی کەنەدا بووە یەکەمین بانک رێژەی سوود کەمبکاتەوە.
 
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی "بەهۆی بەڵگەی بەردەوام لەبارەی دابەزینی هەڵاوسان، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن [ـی بانکەکە] هاوڕا بوو کە چیدیکە پێویست ناکات سیاسەتی نەختینەیی هێندە تووند بێت، بۆیە رێژەی سوودی 0.25٪ کەمکردەوە."
 
بەم پێیە، ئێستا سوودی بانکی لە کەنەدا 4.75٪ـە.
 
بانکەکە دەڵێت، داتا ئابوورییەکانی ئەمدواییە "متمانەیان زیادکردووین، کە هەڵاوسان بەردەوام دەبێت لە دابەزین بە ئاراستەی ئامانجی 2٪ـی بانکەکە."
 
لە ئاداری 2022ـدا رێژەی سوودی بانکی لە کەنەدا 0.25٪ بوو. لە حوزەیرانی ئەو ساڵەدا بە کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا، هەڵاوسان لە کەنەدا گەیشتە 8.1٪ کە بەرزترین ئاست بوو لە نزیکەی 40 ساڵی پێشووتردا.
 
بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، هاوشێوەی بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهان، بانکی ناوەندیی کەنەدا دەستی بە شەپۆلێکی تووندی زیادکردنی سوودی بانکی کرد. 
 
لە ئاداری 2022ـەوە تاوەکو تەمموزی 2023، کەنەدا سوودی بانکیی 10 هێندە زیادکرد. رێژەکە لەو ماوەیەدا لە 0.25٪ـەوە بۆ 5٪ زیادکرا.
 
هەرچەندە هێشتا رێژەی کەمکردنەوەی سوود زۆر نییە و نابێتە بارسووکییەکی تەواو بۆ کەنەدییەکان، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کۆتاییهێنان بە تووندکردنی سیاسەتی نەختینەیی، هەناسەیەک بە ئابووریی وڵاتەکە بداتەوە.
 
لە مانگی نیسانی رابردوو، هەڵاوسان لە کەنەدا بۆ 2.7٪ دابەزیوە. پێشبینی دەکرێت زیاتریش دابەزێت.
 
دوای کەنەدا، چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەورووپاش لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەیدا هەمان بڕیار بدات.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵاکان کەمدەبێتەوە، کە نرخی بەرزیی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، لەئەنجامدا هەڵاوسان دادەبەزێنێت.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە