رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت، ئەمڕۆ زۆربەی قازانجەکانی رۆژی رابردووی خۆی لەدەستدا کە بەهۆی بڕیاری ئۆپێک پڵەسەوە بەدەستیهێنابوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 6-6-2023) نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 25 سەنت دابەزی و بە 71 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممە، نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 30 سەنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 3 دۆلار و 30 سەنت بەرزببووەوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بە سەرۆکایەتی سعودیە و رووسیا، بڕیاریان دا بەردەوام بن لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو.
بەپێی شرۆڤەکاران سەرەڕای ئەوەی ئۆپێک پڵەس بڕیاری داوە درێژە بە کەمکردنەوەکانی بدات، بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجی بەرهەمهێنانی سێ وڵاتی رووسیا و ئانگۆلا و نایجیریا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کەمکردنەوەکان هێندە کاریگەری راستەقینە لەسەر خستنەڕووی نەوت دانانێن.
ناوەڕاستی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات و ئەگەر سوودی بانکی بۆ جارێکی دیکە بەرزبکاتەوە، ئەوا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت، بەوپێیەش کاریگەریی لەسەر نرخەکانی نەوت دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ