رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ کەمتر لە 2400 دۆلار دابەزی. بەو هۆیەوە نرخی میسقاڵی زێڕیش لە هەرێمی کوردستان دابەزی. بەوەش مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، پێنج هەزار دینار دابەزی.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 75 دۆلار لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی. هەر ئۆنسەیەک بە 2 هەزار و 367 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازاڕی زێڕ هاوشێوەی بازاڕەکانی جیهان ئەمڕۆ بە تەواوی ناجێگیر و روو لە دابەزین بووە.
ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا هۆکاری شڵەژانی بازاڕەکانە. رۆژی هەینی 2-8-2024، وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی رابردوودا 114 هەزار هەلی کار لە وڵاتەکەیان رەخساوە. ئەمە زۆر کەمترە بەراورد بە مانگی حوزەیران کە 149 هەزار هەلی کار بوو.
ئەم ئامارە ترسی لای بازرگانان دروستکردووە بەوەی رەنگە ئەمریکا تووشی سستیی ئابووریی ببێتەوە.
ئەدریان ئاش، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی 'بوڵیۆنڤۆڵت' دەڵێت، "هەندێک راستی لەو قسە کۆنەدا هەیە کە هەموو کاڵاکان بەیەکەوە دادەڕمێن. ناجێگیریی نرخی زێڕیش ئاماژەیە بۆ گەورەیی ئەو ترسەی لە بازاڕدا هەیە".
سەیوان جەباری، زێڕینگر لە بازاڕی زێڕینگرانی هەولێر بە رووداوی گوت، کاتێک ئۆنسەیەک زێڕ هاتە سەر 2 هەزار و 367 دۆلار، نرخی مسقاڵێک زێڕ راستەوخۆ 10 هەزار دینار دابەزی؛ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 505 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
بەڵام دواتر ئۆنسەی زێڕ کەمێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و گەیشتەوە سەروو 2 هەزار و 380 دۆلار. جەباری دەڵێت، ئەمە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21ـی گەیاندەوە 510 هەزار دینار.
گوتیشی، بازاڕ زۆر ناجێگیرە و چاودێری ئاراستەی بازاڕی زێڕی جیهان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ