راپرسییەک: ژمارەی قوتابیانی برسی لە قوتابخانەکانی بەریتانیا زیاد بوون

05-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان لە بەریتانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو قوتابییانە زیادبوون کە بە برسێتییەوە دێنە قوتابخانەکان.
 
راپرسییەکی فیدراسیۆنی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لە بواری پەروەردە دەریدەخات، لە ساڵی 2021ـەوە نرخی وزە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و خانووبەرە.
 
هەرچەندە بەراورد بە 2022 نرخەکان دابەزیون، بەڵام کاریگەریی بەرچاویشی لەسەر قوتابییان، خێزانەکانیان و خەرجیی قوتابخانەکانیان داناوە.
 
فیدراسیۆنەکە راپرسییەکی لە ئاداری ئەمساڵ کردووە و زیاتر لە هەزار و 200 مامۆستای قوتابخانەکانی بەریتانیا بەشدارییان تێدا کردووە.
 
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا دەرکەوتووە: "مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکان دەڵێن، بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە بە برسێتی دێنە قوتابخانە، زیادبووە. جلوبەرگی شیاو و پێویستیان لەبەر نییە و کەرەستەی پێویستیشیان بۆ وانەکان پێ نییە."
 
بۆ ئەمساڵ، نزیکەی 19٪ـی مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکان و 17٪ـی مامۆستایانی ناوەندی لە راپرسییەکەدا گوتوویانە بە پارەی خۆیان هاوکاریی قوتابییانیان کردووە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی قوتابخانە، لەنێویاندا خواردن و جلوبەرگ.
 
بەشێک لەو مامۆستایانە گوتوویانە لە ئەیلوولی 2023 تاوەکو ئاداری ئەمساڵ لە کاتی وەرزی خوێندندا، زیاتر لە 100 پاوەند (108 دۆلار)ـیان بۆ پێویستییەکانی قوتابییان خەرجکردووە.
 
لە راپۆرتی فیدراسیۆنەکەدا ئەوەش هاتووە دۆخی دارایی قوتابخانەکان روو لە خراپییە. 93٪ـی خودی مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و 87٪ـی مامۆستایانی قوتابخانە ناوەندییەکان ناچار بوون لانیکەم لە بوارێکدا خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە