رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 1800 دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر کەمێک بەرزبووەوە. ئەوەش دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا گەورترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانی لە جیهاندا بە پێشێلکردنی یاسا ئەمنییەکان تۆمەتبار کرد. شرۆڤەکارانی دراوە دیجیتاڵییەکانیش دەڵێن، ئەگەری زیاتر دابەزینی هەیە.
ئێستا نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی 6%، یان 1660 دۆلار دابەزیوە و هەر بیتکۆینێک بە 25 هەزار و 600 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەمە نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە دوای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە.
نرخی هەر ئیسێریۆمێکیش کە دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە، زیاتر لە 5% و بۆ هەزار و 808 دۆلار دابەزی. هاوکات بەهای پشکەکانی سەکۆی باینانسیش 9% دابەزین.
دابەزینی دراوە دیجیتاڵییەکان دوای ئەوە هات کە کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا سەکۆی باینانس و چانگپێنگ ژاو، هاوبەشی دامەزرێنەری سەکۆیەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە ملیاران دۆلاری وەبەرهێنەرانیان لەگەڵ پارەکانی خۆیان تێکەڵکردووە و یاسا ئەمنییەکانیان پێشێلکردووە.
سەرەتای ئەمساڵیش کۆمیسیۆنی مامەڵەکردن بە کاڵاکان هەمان سکاڵای لەسەر سەکۆی باینانس تۆمارکرد.
سام کالاهان، شرۆڤەکاری باڵای دراوی بیتکۆین لە کۆمپانیای خزمەتگوزاری Swan Bitcoin دەڵێت، باینانس لەڕووی قەبارەوە گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانە و جێی سەرسوڕمان نییە کە بازاڕ بەمشێوەیە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بە هەواڵەکە.
کالاهان دەشڵێت، هەر رێکارێکی رێکخراوەیی بەرامبەر لایەنێکی گەورە لە بواری دراوە دیجیتاڵییەکاندا نادڵنیایی دروستدەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵبەزودابەز لە ماوەی کورتخایەندا.
ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو نرخی 7.9% دابەزی، بەڵام لە سەرووی 26 هەزار دۆلار بۆ هەر بیتکۆینێک مایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ