رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەلایەن وەزارەتەوە سەرجەم پێداویستییەکانی هاتنی مووچەیان جێبەجێکردووە، گوتیشی ''بۆ گەیشتنی مووچە، چاوەڕوانی بەغداین دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی تەواو بکات.''
رۆژی یەکشەممە 05-05-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''هەموو ئەو هەنگاوانەی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران پێویستن، لەلایەن وەزارەتەوە جێبەجێکراون و ئێستا چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچەین لە بەغدا.''
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەگەیشتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی هەیە و عێراقیش پڕۆژەی 'تەوتین'. وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هاوئاهەنگی دەکات کە بەشدار بێت لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. وەزیری دارایی لەو بارەیەوە ئاماژەی دا بەوەی "بانکی TBI بەشدارە لە پڕۆژەی 'هەژماری من'."
ئاوات شێخ جەناب گوتی ''هەژماری من، بانک نییە، بەڵکو سیستمە و چەندین بانک لەخۆدەگرێت کە سەرجەمیان متمانەپێکراوی بانکی ناوەندیی عێراقن.''
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق رازی نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە بدات، بەڵام لە دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بانکی بازرگانیی عێراق TBI، دواتر فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازادە لەوەی هەژمارەکەی لە TBIـەوە ببەستێتەوە بە 'هەژماری من'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ