دهۆك 5 ملیاردێر و 100 ملیۆنێری هەیە

04-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن دهۆک ملیاردێر
A+ A-
   ناسر عەلی
رووداو - دهۆك

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگای دهۆك هەژارترین شاری هەرێمی كوردستانە. بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتی لە دهۆك دەڵێت نزیكەی 25 هەزار خێزانی هەژار لەو شارە هەن، سەرمایەدارێكیش دەڵێت 5 ملیاردێر و 100 ملیۆنێر لە دهۆك هەن.

 شەهاب عیسا، 47 ساڵ، سەرۆكی خێزانێكی 8 كەسییە، داهاتی خۆی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی “داهاتی مانگانەم تەنیا 300 هەزار دینارە، ژیانێكی زۆر سەختم هەیە، ناتوانم پێداویستی منداڵەكانم دابین بكەم”.

ماڵی شەهاب لە گەڕەكی گژە بەرایە كە بە گەڕەكێكی هەژارنشینی شاری دهۆك ناسراوە، خانوویەكی هەیە تەنیا لە ژوورێك و چێشتخانەیەك پێكهاتووە، ئەو دەڵێت “من وەكو ئەو كەسەم كە لەناو جەهەنەمدا بێت و بەهەشت ببینێت، بەڵام ناتوانم بچمە ئەو بەهەشتە”.

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتی، 53 هەزار كەس لە دهۆك مووچە لە تۆڕی پاراستنی خێزان وەردەگرن، بەڵام رەزا نایف، بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەراتییە دەڵێت “هەموویان بە هەژار نازانم، چونكە هەیە كوڕە دەوڵەمەندە و دەرچووی كۆلیژە، مانگانە 150 هەزار دینار وەكو بیمەی بێكاری وەردەگرێت”.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ساڵی 2009 لەسەر رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئامادەی كردووە، پارێزگای دهۆك هەژارترین پارێزگایە. ئەو رێژەیەش زیاتر بەهۆی گوندەكانی پارێزگای دهۆكە كە زۆربەی خەڵكەكەی هەژارن.

رەزا نایف دەڵێت “ئێستا 14 هەزار سەرۆك خێزان مووچەی هەژاری لە تۆڕی پاراستنی خێزان وەردەگرن، بەڵام ئەگەر دەرگا بخەینە سەرپشت و مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو یارمەتییە سووك بكەین، ئەوا ژمارەیان دەبێتە 25 هەزار خێزان”.

5 ملیاردێر و 100 ملیۆنێری تێدایە

لەگەڵ ئەو رێژە زۆرەی هەژاری، بەڵام چەندین ملیاردێر و ملیۆنێر لە شاری دهۆك هەن. شیمال ئیسماعیل نوێنەری كۆمپانیای ئەجلیم گرووپ كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی شاری دهۆك دەڵێت “لە شاری دهۆك 5 ملیاردێر و 100 ملیۆنێر هەن”. گوتیشی “بازرگانی زۆر گەورە لە شاری دهۆك هەن كە لقی كۆمپانیاكانیان لە توركیا، چین و دوبەی كردووەتەوە”.

موشیر رەزیكی، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی لە دهۆك دەڵێت، رەوشی ئابووریی دهۆك رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو باشتر دەڕوات “چونكە جگە لە پەرەپێدانی ئابووریی خەڵك، هاتنی پەنابەرانی سووریا و رۆژئاوای كوردستانیش كاریگەری هەبووە لەسەر باشتربوونی باری ئابووریی خەڵك”.

زۆرجار رۆشنبیرانی دهۆك گلەیی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە پارەیەكی زۆر بۆ هەولێر و سلێمانی دەچێت و پارتی و یەكێتی گرنگی زیاتر بەو دوو شارە دەدەن، بەڵام رەزیكی لەگەڵ ئەوەدا نییە و دەڵێت “تەنیا فڕۆكەخانە كێشەیە، ئەگەر فڕۆكەخانەی دهۆك بكەوێتە كار ئەوا دهۆك دەبێتە باشترین شاری ئابووری لە كوردستان، چونكە جوگرافیای دهۆك زۆر گرنگە و سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەر سێ دەوڵەتی سووریا و عێراق و توركیا هەیە، بۆیە لە ئایندەدا لەڕووی ئابوورییەوە زۆر پێشدەكەوێت”.

ئێستا زیاتر لە 2000 كومپانیای بیانی لە دهۆك كاردەكەن كە زۆربەیان توركین، رەزیكی دەڵێت “ئەو كۆمپانیایانەی لە دهۆك كاردەكەن، زیاتر توركین، بەڵام كومپانیای وڵاتانی دیكەش هەن، لەوانەش كۆمپانیاكانی وڵاتانی عەرەبی، رۆمانی، چینی، ئەڵمانی و بەریتانی”. سەبارەت بەو ئامار و داتایانەی لەسەر رێژەی هەژاری لەشاری دهۆك بڵاودەكرێنەوە، رەزیكی دەڵێت “زۆر متمانەم بەو ژمارانە نییە، چونكە ئەگەر بچییە مەیدانی كرێكاران، دوو كرێكاری دهۆكی لەوێ نابینی، بۆیە باوەڕناكەم رێژەی هەژاری زۆربێت لە دهۆك”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە