ساماڵ عەبدولڕەحمان: دانانی خاڵی گومرگی لەلایەن بەغداوە بۆ وشککردنی سەرچاوەی داهاتی کوردستانە

04-08-2024
پەیمان محەممەد
گفتوگۆ لەگەڵ ساماڵ عەبدولڕەحمان
گفتوگۆ لەگەڵ ساماڵ عەبدولڕەحمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خاڵە گومرگییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی داندراون، گوتیشی، "بڕیارەکە جگە لە وشککردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان هیچ ئامانجێکی دیکەی لەپشت نییە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-08-2024، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتح پێشکێشیکرد، رایگەیاند، لەلایەن عێراقەوە بەردەوام بەربەست بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەندێک خاڵی گومرگی داندراون کە ئەمەش گرفت بۆ هەناردەکردنی کاڵا لەلایەن بازرگانانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دروست دەکات. ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت: "خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە دانراون."
 
بەپێی بڕیارەکە، چەندین لایەنی پەیوەندیدار بە جووڵەی بازرگانی و گومرگ لە خاڵە گومرگییەکان دەمێننەوە و سەیری ئەو کاڵایانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە شارەکانی عێراق. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "ئەم بڕیارە تەنیا هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی هەموو سەرچاوە داهاتەکانی وشک بکات و هیچ مەبەستێکی دیکەی لەپشت نییە."
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان دەشڵێت، "دانانی خاڵی گومرگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دژ بە هەموو پێوەرەکانی بازرگانی، گومرگی و بەڕێوەبردنی وڵاتە."
 
پاساوی دانانی ئەم خاڵە گومرگییانە کۆنترۆڵی دیاردەی شیرینی و سەرانەوەرگرتنە لە بازگەکان؛ بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی: "نەک هەر ناتوانن ئەمە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵکو دیاردەی شیرینی و سەرانەوەرگرتن و ئازاردانی بازرگانان زیاتر دەکات." دەشڵێت، "هەر رێگرییەک لە بازرگانان زیاتر لەوەی کە زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیێنێت، کاریگەری لەسەر بازاڕی عێراقەوە هەیە، ئەم بڕیارە دژی رێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە."
 
سیستمی ئەسیکۆدا
 
حکومەتی عێراق بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی و رێگریی لە چوونەدەرەوەی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی و گەیشتنی دۆلار بە لایەنە قەدەخەکراوەکان، کار بە سیستمی بازرگانیی پێشکەوتووی ئەسیکۆدا دەکات.
 
سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی گومرگیی بازرگانیی جیهانییە کە لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بەکاردەهێنرێت، ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی، هەرێمی کوردستانیش لە داهاتوودا بەشدار دەبێت لە سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا کە ماوەیەکە لە عێراق خراوەتەگەڕ.
 
لە رێگەی ئەو سیستمەوە هەر کاڵایەک کە دێتە نێو عێراق، دەزانرێت کێ هاوردەی کردووە، کەی و لە کوێوە هاوردە کراوە و سەرجەم وردەکارییەکانی کاڵاکە دەخرێتەڕوو. بەڕێوەبەری گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''عێراق لەسەر داواکاریی وڵاتانی هاوپەیمان هەوڵیداوە ئەم سیستمە جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی سەرجەم خاڵە گومرگییەکانی بە هەرێمی کوردستانیشەوە بخرێتە نێو سیستمەکەوە.''
 
لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمەکە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سامان عەبدولڕەحمان گوتی: ''تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بەڵام لە چەند کۆبوونەوەیەکدا باسی ئەم سیستمە کراوە، ئامادەییمان دەربڕیوە کە ئێمەش پێمان خۆشە ئەمە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.''
 
ئێستا گومرگی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کار بە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو دەکەن کە هاوشێوەی ئەسیکۆدا کار دەکات. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، ''جیاوازییەکە ئەوەیە کە سیستمی ئەسیکۆدا بەرفراوانترە و خاڵە گومرگییەکان دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دەوروبەر و گومرگەکانی جیهان و دەتوانرێت هەموو کارە بازرگانی و مامەڵەکان لە رێگەی ئەو سیستمەوە جێبەجێ بکرێن و دوورە لە کاری دەستی و شەفافییەتێکی زیاتری هەیە.''
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان پێیوایە، "بێ هەرێمی کوردستان ئەم سیستمە لە عێراق بە تەواوی جێبەجێ نابێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەربگرن و لە چوارچێوەی بە سیستمکردنی سەرجەم دەروازەکانی عێراقدا، هەرێمی کوردستانیش خوێندنەوەی تەواوی بۆ بکرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، هەرێمی کوردستان ئامادەیی زیاترە لە عێراق، ''چونکە ماوەی چەند ساڵێکە سیستمێکی هاوشێوە جێبەجێ دەکەین و کادیرەکانمان راهاتوون لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستا بە سیستمی دەستی کار دەکات.''
 
''رێڕەوی بازرگانیی ترانزێت دەکرێتەوە''
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی کرد و گوتی: ''لە شەش مانگی رابردوودا، قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران گەیشتووەتەوە دوو ملیار و 500 ملیۆن بۆ سێ ملیار دۆلار، هەروەها لەو ماوەیەدا قەبارەی بازرگانیشمان لەگەڵ تورکیا نزیکەی شەش ملیار دۆلار بووە.''
 
وەک بەڕێوبەەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ عێراق کار بۆ ئەوە دەکرێت رێڕەوی بازرگانیی ترانزێت بکەنەوە و ''لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین کە چارەسەری هەموو کێشەکان بکەین و گەیشتووینەتە هەندێک ئەنجام.''
 
بەگوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، ئەگەر هیچ کێشەیەک روونەدات، لە 15ـی ئابەوە دەست بە سیستمی ترانزێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت. گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون و سیستمی (GPS)ـمان داناوە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەوە بە شێوەی ئۆنلاین کۆنترۆڵی هەموو ئەو بارهەڵگرانە دەکرێت کە لە چوارچێوەی جووڵەی بازرگانیدا کاڵاکان دەگوازنەوە، بەڵام لە عێراقدا ئامادەکارییەکان تەواو نەبوون."
 
سیستمی ترانزێتەکە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەگرێتەوە، وەک بەڕێوەبەری گشتیی گومرگیش دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان دەروازەکانی پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل دەگرێتەوە لەگەڵ هەردوو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە