ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە کەمبووەتەوە

04-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردە و هاوردەی کاڵای تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. کورتهێنانی بازرگانیش 10٪ کەمبووەتەوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4-4-2024، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لە ئاداری ئەم ساڵدا، بایی 22 ملیار دۆلار کاڵایان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. بایی 30 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاریش کاڵایان هاوردە کردووە.
 
بەراورد بە ئاداری 2023، هەناردەی کاڵا 4.1٪ و، هاوردەی کاڵاش 7.5٪ کەمبووەتەوە.
 
بەم پێیە، کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا زیاتر 10٪ و بۆ 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە.
 
هەرچەندە لەسەر ئاستی ساڵانە کەمبووەتەوە، بەڵام هەناردەی کاڵا لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی دەرەوە بەراورد بە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیادبووە.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا دەڵێت، لاوازیی ئەدای ئابووری لە یەکێتیی ئەوروپا کە 40٪ـی هەناردەی کاڵای تورکی پێکدەهێنێت، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی هەناردەیە.
 
لە ئاداری ئەمساڵدا، زۆرترین هەناردەی کاڵای تورکی بۆ ئەڵمانیا بووە بایی ملیارێک و 750 ملیۆن دۆلار. دوای ئەویش، ئیتاڵیا بە ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار و، ئەمریکاش بە ملیارێک و 260 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم و سێیەم دێن لە رووی هاوردەی کاڵای تورکییەوە.
 
هاوکات لەو مانگەدا زۆرترین هاوردەی تورکیا لە وڵاتانی دەرەوە لە چین بووە بە قەبارەی 3 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار. دوای ئەویش، رووسیا بە 3 ملیار و 680 ملیۆن دۆلار و، ئەڵمانیاش بە 2 ملیار و 150 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم و سێیەم دێن لە رووی هاوردەی کاڵا بۆ تورکیا.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی وڵاتەکە، بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەی کاڵا لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی دیکە 3.6٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 63 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
 
لە بەرامبەردا، هاوردەی کاڵا 21.6٪ و بۆ 84 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
 
بەم پێیە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا 20 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە