رووداو دیجیتاڵ
گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە 11 مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە زیاتر لە 756 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی ئاداری 2025، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 11 مانگی رابردوودا زیاتر لە ملیۆنێک و 403 هەزار تۆن کەلوپەلیان هەناردە کردووە، کە بەهاکەیان زیاتر لە 756 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوتەی فەرامەرز ئومێدی، زۆرترین بری هەناردەی پارێزگای سنە، پەیوەندی بە هەناردەی تراکتۆرەوە هەبووە.
ئۆمێدی دەڵێت، جگە لە تراکتۆر، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک تەماتە، پەتاتە، پیاز، سێو، گوڵ و پرتەقاڵ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، کتێب و گوڵ زۆرترین ئەو کەلوپەلانەن کە لە پارێزگای سنەوە هەناردە کراون.
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە روونیکردەوە، زیاتر لە 98٪ی ئەو کەلوپەلانە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون، و بەشەکەی دیکەش بۆ ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، رووسیا و ئۆزبەکستان بووە.
سەبارەت بە ئاماری هاوردەش، ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە رایگەیاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 347 هەزار تۆن کەلوپەل کە بایی زیاتر لە یەک ملیار و 170 ملیۆن دۆلار دەکات، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاوردە کراون. دەشڵێت، بەراورد بە پار هاوردەکردن لەڕووی کێشەوە 235٪ و لەڕووی نرخیشەوە 85٪ زیادیکردووە.
ئەو کەلوپەلانەی هاوردە کراون بە گوتەی ئومێدی بریتین لە زێڕ، ئەلەمینیۆم، پارچە یەدەگی ئۆتۆمبێل، پارچە یەدەگی کارگەکان و کەرەستەی خاو.
هەروەها زۆربەی ئەو کەلوپەلانە لە عێراق، ئیمارات، تورکیا، چین، نەمسا، ئیتالیا، ئیسپانیا، عومان، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کازاخستان و سووریاوە هاوردە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ