رووداو - هەولێر
رێژەی ئافرەتە ملیاردێرەکانی جیهان لەماوەی نزیكەی دوو دەیەدا بەرێژەی 560% زیادیان کردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 1995 تەنیا 22 ئافرەتی ملیاردێر هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەكە گەیشتووەتە 145 ئافرەت، كە سامەنەكانیان ملیارێك دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی راپۆرتێکی نوێ، ئێستا 145 ئافرەتی ملیاردێر لە جیهاندا هەن، ئەوەش بەراورد بە تەنیا 22 ملیاردێری ئافرەت، کە لە ساڵی 1995 دا ناوبانگیان دەرکردبوو.
راپۆرتێکی کۆمپانیای خزمەتگوزاری دارایی سویسری "UBS" و کۆمپانیای "پرایس واتێرهاوس" ئاشکرای دەکات، ئەو ئافرەتانە سامانی خۆیان لە کەرتی خانووبەرە، پیشەسازی و کەرتی تەندرووستی بەدەستهێناوە.
لە کاتێکدا 80%ی ئافرەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژین، بەڵام ئەو ئافرەتانە بەزۆری سامانی خۆیان بە میرات بۆ ماوەتەوە. بەڵام تەوژمی نوێ بەدەستهێنانی سامان لە ئاسیاوە سەری هەڵداوە، بەو پێیەی کە نیوەی ملیاردێرەکانی ئەو کیشوەرە لە نەوەی نوێن.
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمپانیای UBS و پرایس واتێر هاوس ژمارەی ملیاردێرەکانی پیاوی جیهان، کە هەزار و 22 کەسن بە خێراییەکی کەمتر لە زیادبووندان، بەڵام هێشتا ریزبەندی ملێاردێرەکانی جیهان بەزۆری لەلایەن پیاوانە پڕکراونەتەوە.
ملیاردێرە پیاوەکانی جیهان 90%ی ملیاردێرەکانی جیهان پێکدەهێنن.
سەرەڕای ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ئافرەتە ملیاردێرەکانی جیهان لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاتر بن، بەو پێیەی کچە دەوڵەمەندەکان دوای هاوسەرگیریکردن رۆڵێکی کاریگەرتر دەبینن لە بەڕێوەبردنی بازرگانی بنەماڵەکانیاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەمەندانی جیهان بەراورد بە کۆی بەرهەمی وڵاتان، سامانیان زۆر خێراتر گەشەدەکات.
لە 20 ساڵی رابردوودا سامانی دەوڵەمەندان هەشت هێندە زیادیکردووە و بەرزبووەتەوە بۆ پێنج تریلیۆن و 400 ملیۆن دۆلار. ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتان تەنیا سێ هێندە بەرزبووەتەوە بۆ 77 تریلیۆن دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ