رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای DNO لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا 191 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە و ئاستی بەرهەمهێنانیشی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە.
کۆمپانیای DNO، کۆمپانیای نەرویجیی بواری نەوت و گاز رۆژی پێنجشەممە، 03-11-2022، لە راگەیێندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە ئامارەکانی قازانجی کۆمپانیاکەی لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە کە کۆی داهاتەکەی لەو چارەکەدا 339 ملیۆن دۆلار بووە؛ لەو بڕەش 191 ملیۆن دۆلاری قازانج بووە. هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی قازانجی DNO زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بە قازانجەکەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نەکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە لە کێڵگەی نەوت لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 160 ملیۆن دۆلاری قازانج کردبوو.
بەپێی راگەیێندراوەکەی DNO، کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان 109 هەزار و 100 بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە چارەکی دووەم زیادیکردووە بە جۆرێک لەو چارەکەدا 107 هەزار و 200 بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێنابوو. لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022ـدا کۆمپانیای DNO لە کێڵگەی پیشخابوور 62 هەزار بەرمیل، لە کێڵگەی تاوکێ 46 هەزار و 500 بەرمیل و لە کێڵگەی باشیکیش 600 بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، کە ئەوەی سێیەمیان تازە دەست بە بەرهەمهێنان کراوە تێیدا.
لە چارەکی دووەمی ساڵی 2022دا تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی کۆمپانیای DNO لە کێڵگەی تاوکێ 44 هەزار و 600 بەرمیل و لە کێڵگەی پیشخابووریش 62 هەزار و 300 بەرمیل بووە، کە بەیەکەوە 106 هەزار و 900 بەرمیل بووە، بەوەش لە چارەکی سێیەمدا کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هەزار بەرمیل رۆژانە زیادبووە.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کێڵگە نەوتییەکانی دەریای باکوور لە نەرویج، کۆمپانیاکە لە چارەکی سێیەمدا 14 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە، لەکاتێکدا لە چارەکی دووەمدا لە کێڵگەکانی ئەو دەریایە 11 هەزار و 600 بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە.
DNO دەشڵێت، لەو چارەکەدا خەرجییەکانی بەگەڕخستنی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 192 ملیۆن دۆلار، بەوەش کۆی خەرجییەکانی لە نۆ مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 548 ملیۆن دۆلار. هاوکات بەهۆی کەمبوونەوەی خەرجییەکانیشی لە کێڵگەکانی دەریای باکوور، DNO پێشبینییەکانی بۆ کۆی خەرجییەکانی لە ئەمساڵدا لە 800 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 725 ملیۆن دۆلار کەمکردەوە.
هاوکات بەهۆی جووڵەی سەرمایەی 151 ملیۆن دۆلار لە چارەکی سێیەمدا، کۆمپانیای DNO بەردەوام بووە لە کەمکردنەوەی قەرزە گشتییەکان؛ لەو چارەکەدا قەرزەکانی کۆمپانیای DNO لە 176 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 131 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە.
کۆمپانیای DNO لە ساڵی 1971 دامەزراوە و کۆنترین کۆمپانیای نەرویجیی بواری نەوتە. لە ساڵی 2004ـدا یەکەم کۆمپانیای نەوتی بوو بچێتە هەرێمی کوردستان و بەر لە دامەزراندنی پیشەسازیی نەوت و گاز دەستی بە پڕۆسەی گەڕان کرد. لە ساڵی 2007ـدا دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ کرد؛ ئێستا لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخابوور و باشیک نەوت بەرهەم دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ