لەمەودوا لە مامەڵەکانی بیتکۆین کار بە دراوێکی دیجیتاڵیی کوردی دەکرێت

03-09-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمڕۆوە دراوی دیجیتاڵیی بیدزکۆین لەنێو مامەڵەکانی بیتکۆین کاری پێدەکرێت.
 
بیدزکۆین دراوێکی دیجیتاڵیی کوردییە، لەلایەن کۆمپانیای بیدز ئی-ستۆر پشتیوانی دەکرێت.
 
رەیان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت، لە ئەمڕۆوە لە نێو سەکۆی کۆینستۆر بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان هاوشان لەگەڵ USDT، دراوی بیدزکۆین لە مامەڵەکانی داهاتووی بیتکۆین بەکاردەهێندرێت.
 
کارپێکردنەکە لە کاژێر 17:00ی ئەمڕۆ سێشەممەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، لە مێژووی دراوە دیجیتاڵییەکاندا، تائێستا نەبووە دراوێکی دیجیتاڵی بچێتە نێو مامەڵەکانی بیتکۆینەوە.
 
وەکو رەیان عەبدوڵڵا دەڵێت، بەکارهێنانەکە بەجۆرێک دەبێت کە بەکارهێنەر بڕێک بیدزکۆین دەخاتە نێو مامەڵەکانی داهاتووی بیتکۆینەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی بیتکۆین، بڕی بیدزکۆینەکەش زیاد و کەم دەکات.
 
دوای بڕیاردان لەسەر ئەو بڕەی بەکارهێنەر دەیخاتە نێو مامەڵەکانی بیتکۆینەوە، دەتوانێت ئەوە دیاری بکات کە لە 1 تاوەکو 10 هێندە بڕی بیدزکۆینەکەی لەگەڵ گۆڕانی نرخی بیتکۆین زیاد و کەم بکات.
 
رەیان عەبدوڵڵا نموونەکە بەم شێوەیە دەهێنێتەوە: "ئەگەر نرخی بیتکۆین 70 هەزار بێت و بڵێین 100 دۆلاری دیکە بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ ئەو 100 دۆلارە بڕی ئەو بێدزەی هەمانە لەنێوان 1 تا 10 هێندە بەرزدەبێتەوە وەک ئەوەی خۆمان دیاری دەکەین. ئەگەر 100 دراوی بێدز بخەینە نێوی و یەک هێندە زیادببێت، دەبێتە 200 دراوی بێدز. ئەگەر بشمانەوێت 10 هێندە زیادببێت، دەبێتە هەزار. بەڵام دەبیت پێشبینییەکەمان بۆ نرخی بیتکۆین راست بێت ئەوکاتە دراوی بێدزەکەمان زیاد دەبێت."
 
زیاد و کەمبوونی بیدزکۆین لەگەڵ نرخی بیتکۆین پەیوەستە بە پێشبینیی ئەو کەسە بۆ نرخی داهاتووی بیتکۆین.
 
لە بازاڕە داراییەکان دوو جۆر مامەڵە هەن؛ ئێستا و داهاتوو. وەک لە ناوەکانیان دیارە، لە جۆری یەکەم راستەوخۆ کڕیار پارە دەدات و فرۆشیار پارەکەی وەردەگرێت؛ لە جۆری دووەمدا راستەوخۆ پارە نادرێت، بەڵکوو لە کاتێکی دیاریکراوی داهاتوودا دەدرێت و قازانجکردن لێی پەیوەستە بەوەی پێشبینیی دروستی بۆ بکرێت.
 
بەڕێوەبەری تەکنیکیی بیدز ئی-ستۆر دەڵێت، لە مامەڵەی داهاتوودا دوو جۆر کڕین و فرۆشتن هەن؛ 'لۆنگ' و 'شۆرت'. یەکەمیان پێشبینیی بەرزبوونەوە و، دووەمیشیان پێشبینیی دابەزینە. 
 
لە جۆری یەکەمدا بەکارهێنەر لە کاتی کڕین و، لە جۆری دووەمدا بە فرۆشتن قازانج دەکات.
 
بە گوتەی رەیان عەبدوڵڵا، ئەم هەنگاوە نوێیە دەرەنجامی رێککەوتنی هاوبەشییانە لەگەڵ کۆینستۆر و، چاوەڕوان دەکەن کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی بیدزکۆین هەبێت.
 
بیدزکۆین دراوێکی دیجیتاڵییە کە بە سیستمی ئەمریکی لە ساڵی 2022 لەلایەن هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەو وڵاتە بە ناوی شڤان جەلال دروستکراوە.
 
بیدز ئی-ستۆر کە پشتیوانی دراوەکەیە، لە شاری ناشڤیل لە ئەمریکا، هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان لقی هەیە.
 
دراوە دیجیتاڵییە کوردییەکە لەنێو سێ پلاتفۆڕمی دراوە دیجیتاڵییەکان مامەڵەی پێوە دەکرێت؛ کۆینستۆر، ئێڵبانک و بیتمارت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە