نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی 9 مانگی رابردوو دابەزی

03-09-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لەدوای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 75 دۆلار دابەزی.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 03-09-2024 نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 69 سەنت، واتە 3.49% دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 74 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 2 دۆلار و 83 سەنت، واتە 3.83% دابەزی و، هەر بەرمیلێک بە 71 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لەدوای 13ی کانوونی یەکەمی 2023وە، ئەمە نزمترین ئاستی نرخی نەوتی برێنتە، واتە لە زیاتر لە 9 مانگی رابردوودا. هەروەها نزمترین ئاستی نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیشە لە 10ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە.

نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی خواستی چین لەسەر نەوت هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکەیەتی.

نیگەرانی و کاریگەربوونی بازاڕی نەوت بە ئابووریی چین بە رادەیەکە، تەنانەت کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی لیبیاش نەیتوانیوە رێگە لە دابەزینی پێوانەیی نرخی نەوت بگرێت.

چارالامپۆس پیسۆرۆس، شرۆڤەکاری باڵای وەبەرهێنان لە دامەزراوەی XM بۆ بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "ئامارەکانی هەفتەی رابردووی بەرهەمی پیشەسازی لە چین کە کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینییەکان، نیگەرانییەکانی لەبارەی ئابووریی چین زیادکردووە."

دەشڵێت، سەرەڕای ئەو دابەزینە، "بەڵام گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەمبوونەوەی بەرهەمی لیبیا وا دەکەن ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەرێکی کراوە بێت."

حکومەتی چین دوێنێ دووشەممە رایگەیاندبوو، بۆ یەکەمجار لە هەشت مانگی رابردوودا، لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا خواست لەسەر هەناردەی کاڵاکانیان کەمبووەتەوە. نرخی خانووبەرەش لە مانگی ئاب دا بۆ نزمترین ئاست لە ئەم ساڵدا بەرزبووەتەوە.

ئەمانە نیشانەی پرسیار لەسەر بووژانەوەی دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان دادەنێن. چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان و رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل هاوردە دەکات. هەر کەمبوونەوە و بەرزبوونەوەیەکی بەکارهێنانی نەوت لەو وڵاتە، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکەی دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە