هەڵاوسان لە یەکێتیی ئەوروپا بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان دابەزی

03-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵاوسان لە یەکێتیی ئەوروپا بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان دابەزی، ئەوەش ئەگەری شلکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی ل لایەن بانکی ناوەندیی یەکێتییەکە زیاتر دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-4-2024، یۆرۆستات، ناوەندی ئاماری سەر بە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا، هەڵاوسان لە ئەوروپا بۆ 2.4٪ دابەزیوە، بەوەش زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان دابەزیوە.
 
لە مانگی شووباتی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لە یەکێتیی ئەوروپا 2.6٪ بووە.
 
ئەم رێژەیە نزیکە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەوروپا، کە دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێت، ئەوەش گەشبینیی دروستکردووە بەوەی لە کۆبوونەوەی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکەکە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
 
هەروەها هەڵاوسانی بنەڕەتیش کە سەرجەم نرخەکانی دەگرێتەوە جگە لە نرخی خۆراک و وزە، لە 3.1٪ـەوە بۆ 2.9٪ دابەزی.
 
ئاندرۆ کێنینگهام، ئابووریناس لە دامەزراوەی "کاپیتاڵ ئیکۆنۆمیکس" بۆ راوێژکاریی دارایی دەڵێت، "کەمبوونەوەی هەردوو جۆری هەڵاوسان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە ئەگەری زۆرەوە لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی ئەوروپا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات".
 
لەدوای تشرینی دووەمی ساڵی 2023وە، بانکی ناوەندیی ئەوروپا رێژەی سوودی بانکی زیادنەکردووە و لە 4.5٪ هێشتوویەتیەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لەدوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە، بانکی ناوەندیی ئەوروپا 10 جار رێژەی سوودی بانکیی زیادکردبوو.
 
بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022ـدا هەڵاوسان لە یەکێتیی ئەوروپا گەیشتە 10.6٪ کە بەرزترین ئاست بوو لە 40 ساڵی رابردوودا.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە زیادکردنی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵاکان کەمدەبێتەوە، بەوەش نرخی بەرزیی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان دادەبەزێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە