رووداو- هەولێر
حکومەتی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات کە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە ، کارەبا بۆ موسڵ دابینبکات ، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای ماسیش دەڵێت، ئەگەر کارەبا بدەینە حکومەتی عێراق ئەوا لەسەر حیسابی کارەبای هەرێمی کوردستان نابێت.
لە کۆی 24یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 12 یەکە کارناکەن بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، حکومەتی عێراقیش دەیەوێت ئەو یەکانە بە کار بخاتەوە بەو مەرجەی سووتەمەنی پێویست دابین بکات و لەڕیگەی گرێبەستێکەوە کارەبا بۆ پارێزگای نەینەوا دابین بکات ، دانوستاندنەکانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
ئازاد مستەفا، بەرپرسی ئەنجوومەنی کارگێڕی ماس گلۆباڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزیری کارەبای عێراق پرسیاری لێکردین کە ئایا دەتوانین کارەبا بۆ موسڵ دابین بکەین؟، ئێمە وەک کۆمپانیان ماس توانای خۆمان نیشاندا کە دەتوانین بڕی 700 مێگابایت بدەینە موسڵ لەو وێستەگەیەی کە هەمانە لە دهۆک ، پاش ئەوەی ئەوان بتوانن سووتەمەنی بۆ دابین بکەن".
جێگری وەزیری کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیا کوردییەکان توانای باشیان هەیە لە بەرهەمهێنانی کارەبا و توانای دابینکردنی کارەبای موسلیان هەیە.
عادل حەمید، جێگری وەزیری کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوکارییەکی باش هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە کەرتی کارەبادا، ئێمە ئێستا کۆمپانیای باشمان هەیە لە بواری ipp کە کۆمپانیای کوردین، بۆ نموونە کۆمپانیای ماس، کە پرۆژەی زۆریان هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها پرۆژەشیان لە بەغدا هەیە".
جێگری وەزیری کارەبای عێراق گوتی: "ئەم کۆمپانیایانەیipp دەتوانن کارەبای موسڵ دابین بکەن، بەڵام ئەمە مەرجی هەیە. ئێمە پێویستە سووتەمەنی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکەین. و هەروەها پارەش دابین بکەین بۆ ئەو کارەبایە کە ئەوان بەرهەمی دەهێنن بۆ موسڵ. چونکە ئەمە باشترە تا ئەوەی کە بەغداد یان لە ناوچەکانی ناوەڕاستەوە کارەبا بگوازیتەوە بۆ موسل".
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کارگێڕی ماس گرووپ دڵنیاییشیدا کە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستان نابێت و لەو یەکانەوە دابین دەکرێت کە ئێستا کار ناکەن.
ئازاد مستەفا بەرپرسی ئەنجومەنی کارگێڕی ماس گلۆباڵ گوتی: "ئێستا نزیکەی 12 وێستگەمان وەستاوە لەبەر ئەوەی حکومەتی کوردستان ناتوانیت گازواییلی بۆ دابین بکات، ئەوجا ئەو وێستگانەی کە راوەستاوە ئەگەر حکومەتی عێراق بتوانێت سووتەمەنی بۆ دابین بکات ، ئێمەیش دەتوانین بەکاریان بخەین و کارەباکەی بدەینە موسڵ ، پاش ئەوەی بتوانن تۆڕی گواستنەوەش جێبەجێ بکەن".
فرۆشتنی کارەبا بە عێراق لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی سووتەمەنییەوە کەمتر لە پێداویستییەکانی خۆی کارەبا بەرهەمدەهێنێت و توانای بەرهەمهێنانیش ئێستا نزیکەی 2700 مێگاواتە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ