نرخی بیتکۆین گەیشتە سەروو 45 هەزار دۆلار

02-01-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی بیتکۆین دوو هەزار دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاست لە نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک بیتکۆین دوو هەزار و 77 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک بە 45 هەزار و 700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین، پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکانە لە دامەزراندنی سەکۆی ئەو دراوانە لە بۆرسەی جیهانی، کە پێشبینی دەکرێت ئەمریکا تاوەکو 10ـی ئەم مانگە بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدات.
 
چەند مانگێکە بەشێک لە سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان، بەڵگەنامەی فەرمییان پێشکێش بە لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا کردووە بۆ کردنەوەی پێنوێنی نرخەکانیان لە بۆرسەی جیهانی و ئەو وڵاتە تاوەکو هاوشێوەی کانزا، کاڵا و دراوە جیهانییەکان مامەڵەکردن پێیانەوە رێکبخرێت.
 
کۆمپانیای بلاک رۆک، لە پێشنیازی دامەزراندنی سندووقێکی بازرگانی ئاڵوگۆڕ (ETF) بۆ دراوی دیجیتاڵی بیتکۆین، داوای کردووە رێگەی پێبدرێت پارەی کاش وەربگرێتەوە، چونکە مامەڵەکانی پەیوەست بەو سندووقە بە پارەی کاش و هەروەها لە بەرامبەر دراوی دیجیتاڵی بیتکۆینیش ئەنجام دەدرێن.
 
ئەم پێشنیازە رەنگە یارمەتی بلاک رۆک بدات لە وەرگرتنی رەزامەندیی لیژنەی ئاڵۆگۆڕی ئەمریکا کە دەزگای بەرپرسە لە رێکخستنی بازاڕە داراییەکان.
 
شارەزایان دەڵێن، هەرچەند هێشتا هیچکام لە داواکارییەکانی سەکۆکان پەسند نەکراون، بەڵام لیژنەکە بەنیازە پەسندکردنی داواکاریی ئەو سەکۆیانە خێرا بکات، ئەوەش گەشبینییەکی بەرچاوی لەلایەن وەبەرهێنەر و بازرگانانەوە لەبارەی دراوە دیجیتاڵییەکان دروستکردووە.
 
بەپێی بەشێک لە راپۆرتەکان، لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا هێشتا پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی کۆمپانیاکان دەکات و رەنگە راگەیاندنی ئەنجامەکان بکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە.
 
لارک دەیڤس، شارەزایەکی ناسراوی بواری دراوە دیجیتاڵییەکانە و دەڵێت، "دەنگۆی پەسەندکردنی سندووقی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان زۆر زیادبوون و رەنگە لەم هەفتەیەدا پەسەندبکرێن".
 
بەهۆی ئەو هەواڵانەوە، قەبارەی بازاڕی بیتکۆین گەیشتووەتە ترلیۆنێک و 820 ملیار دۆلار کە بەرزترین ئاستە لە مانگی ئایاری 2022ـەوە.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 69 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی بووە تۆماری کردبێت.
 
لەدوای ئەو کاتەوە، کۆمەڵێک ئاڵنگاری رووبەڕووی سێکتەرەکە بوونەوە؛ مایەپووچبوونی سەکۆی FTX کە دووەم گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو و ساخبوونەوەی هەشت تۆمەت بەسەر سام بانکمان فرید، دامەزرێنەری سەکۆیەکە.
 
دوایین ئاڵنگاریش، لەسەرکار لاچوونی چانگپێنگ ژاو، بەڕێوەبەرەی جێبەجێکاری باینانسی گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو بەهۆی تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە لایەن ئەمریکاوە. سەکۆیەکەش بە زیاتر لە 4.3 ملیار دۆلار سزادرا.
 
بەڵام ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک پێچەوانە بووەتەوە کە زۆرێک لە دامەزراوەکان ژمارەی گەورە بۆ نرخی بیتکۆین لە ساڵی داهاتوو دادەنێن؛ بانکی نێودەوڵەتیی 'ستاندارد چارتەرد' دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک دەگاتە 100 هەزار دۆلار.
 
بانکەکە هۆکاری ئەو پێشبینییەی بۆ پەسندکردنی داواکاریی سەکۆیەکان بۆ رێکخستنی مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان دەگێڕێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە