بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق: بەغدا قەرزی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

01-12-2023
پەیمان محەممەد
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزیری دارایی عێراق و سەنگەر عەبدولرەحمان، نێردراوی رووداو لە دوبەی.
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزیری دارایی عێراق و سەنگەر عەبدولرەحمان، نێردراوی رووداو لە دوبەی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، جگە لە 700 ملیار دینارەکە، پارەی دیکەش بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، گوتیشی، ئەو پارەیە بە قەرز دەبێت و حکومەتی عێراق بۆ مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی دەینێرێت.
 
رۆژی هەینی 01-12-2023، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی (کۆپ 28) بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوبەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و گرنگیی رۆڵی هەرێمی کوردستانیان بۆ باشتربوونی ژینگەی عێراق تاوتوێکردووە و تیشکیان خستووەتەسەر تۆپۆگرافیی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەنداوی زیاتر بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بکرێت.
 
گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە، وەک مەسعود حەیدەر گوتی، ''کابینەی محەممەد شیاع سوودانی نزیکەی شەش تریلیۆن دیناری بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخانکردووە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رۆڵیان لە باشترکردنی ژینگەی عێراقدا هەیە و لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵدا جێبەجێ دەکرێن.''
 
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەم بودجەیەشدا باسی لەوە کرد، ئەگەر بابەتەکە ''بەسیاسی'' نەکرێت و وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، دەبێ لەو پڕۆژانەی کە خزمەت بە ژینگەی عێراق دەکەن، بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستانیش تەرخان بکرێت. گوتیشی: ''ئەگەر یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لەو شەش تریلیۆن دینارە نزیکەی 2.7 تریلیۆن دینارە لە بودجەی وەبەرهێنان.''
 
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
 
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران، کە تاوەکو ئێستا یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى بۆ مانگەکانى ئەیلوول و تشرینى یەکەم ناردووە. مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوە کرد: ''جگە لەو 700 ملیار دینارە، بڕە پارەی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان لەبەرچاوگیراوە.''
 
بەگوتەی مەسعود حەیدەر، ئەو بڕە پارەیە وەکو قەرز و بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لە رێگەی بانکی رەشید، رافیدەین و تی بی ئای بۆ سێ مانگی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
رۆژی 25-03-2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، ئەوەش کێشەی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکرد، وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ''ئەگەر پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هیچ کێشەیەک بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان نامێنێت''.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە دەکات، مەسعود حەیدەر لەو بارەیەوە گوتی، ''مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ بابەتێکی دیکەوە نییە و ئەو 775 ملیارەی کە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دانراوە، دەبێ هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراقی بۆیان خەرج بکرێت.''
 
بە جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە، مانگانە حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت کە ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستانیش نەدات، دەبێت مووچەی فەرمانبەران خەرجبکات.
 
لە دوبەیی ئیمارات لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کە بە کۆپ 28 ناسراوە.
 
 کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە