ئابووری
بارەگای سەرەکیی بانکی فێرست ریپەبڵیک کە سەرەتای مانگی رابردوو رێکخەرانی بانکی ئەمریکا دەستیان بەسەردا گرت، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای بیمەی وەبەرهێنانی فیدراڵی (FDIC) کۆی گشتی پارەی دانراوی بانکەکانی ئەمریکا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا 472.1 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، ئەوەش گەورەترین دابەزینە لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی رابردوودا.
ئەم بڕە یەکسانە بە 2.5%ـی کۆی پارەی دانراوی بانکەکانی ئەمریکا.
FDIC لە راپۆرتەکەی رۆژی چوارشەممە (31-6-2023) هەروەها دەڵێت، "ئەمە چوارەم چارەگی لەسەریەکە، کە سێکتەری بانکی تووشی کەمبوونەوەی ئاستی پارەی دانراو دەبێتەوە".
FDIC ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمبوونەوەی پارەی بیمەنەکراو کە بە 663.3 ملیار دۆلار مەزەندەکراوە، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی پارەی بانکەکانی ئەمریکا بووە.
لە بەرامبەردا، پارەی بیمەکراوی خەمڵێنراو لە چارەکی یەکەمدا 255.1 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە بەهۆی تەنگژەی بانکیی ئەم دواییەی ئەمریکا، سێ گەورە بانکی ئەو وڵاتە مایەپووچ بوون، کە بریتین لە بانکی سیلیکۆن ڤالی، سیگنیچەر و بانکی فێرست ریپەبڵیک.
FDIC ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو بانکانەی لە "لیستی بانکە کێشەدارەکاندا"ـن، لەنێویاندا ئەو بانکانەی لاوازی دارایی، کارکردن یان بەڕێوەبردنیان هەیە، بەراورد بە چارەکی پێشوو چوار هێندە زیادیانکردووە و گەیشتوونەتە 43 بانک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ