لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار بەرزبووەوە

01-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە. 100 دۆلار لەکاتی داخستندا بە کەمتر لە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.

رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە سلێمانی ئەمڕۆ لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە. بەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 146 هەزار و 250 دینار بووە.
 
رەوەز میرزا دەڵێت، زۆریی و خێرایی حەواڵە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
 
بۆ حەواڵەکردن بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە و خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمببێتەوە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراو دەڵێت، ئەگەر حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراقیش بیانەوێت، دەتوانن لە رێگەی زیادکردنی خستنەڕووی دۆلارەوە نرخی دینار بەرزتر بکەنەوە. ئەوکات ئەگەر هەیە 100 دۆلار بۆ ئاستەکانی 144 بۆ 145 هەزار دینار و کەمتریش دابەزێت.
 
بەڵام لە هەولێر بەهای دینار کەمتر بەرزبووەتەوە. لەکاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 145 هەزار و 700 دینار بووە.
 
بەم پێیە، ئەمڕۆ لە سلێمانی لە نێوان کاتی کردنەوە و داخستندا، 100 دۆلار 750 دینار دابەزیوە، بەڵام لە هەولێر 300 دینار دابەزیوە.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو جیاوازییە ئاساییە و هەندێکجار روودەدات. هۆکارەکەشی تەنیا بابەتی خواست و خستنەڕووە.
 
ئەمڕۆ بەهۆی رۆژی کرێکارانەوە لە عێراق پشووی فەرمی بووە. بانکی ناوەندی هیچ دۆلارێکی نەخستووەتەڕوو، بەڵام بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کراوە بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە