بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە

01-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی لیرە دابەزینەکەی پێچەوانە کردەوە و بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە. یەک دۆلار بە کەمتر لە 32 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 1-4-2024، نرخی لیرە بەرامبەر بە دۆلار 1.20٪ بەرزبووەوە و هەر دۆلارێک بە 31 لیرە و 96 قورش مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە، لە دوای کرانەوەی بازاڕەکانەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، نرخی لیرە بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و یەک دۆلار بە 33 لیرەش مامەڵەی پێوەکرابوو.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنەکەدا ئاکپارتیی سەر بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی بەرچاوی دەنگەکانی لەدەستداوە، ئەوەش ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتی تووندی نەختینەیی لەو وڵاتە دروستکردووە کە ببووە هۆی دابەزینی نرخی لیرە.
 
بەڵام دواتر، ئەردۆغان 'شکستەکەی' قبووڵکرد و بەڵێنی دا کە هەوڵەکانی لە "سەرکوتکردن"ـی هەڵاوسان، ئەم ساڵ ئەنجامیان دەبێت.
 
بەپێی دوایین ئامار، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا، هەڵاوسان لە تورکیا بۆ 67.07٪ بەرزبووەتەوە. ئەمە بەرزترین ئاستە لەدوای تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە.
 
بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیانەکانی دابەزینی نرخی دراوەکەیان، هاوڵاتییانی وڵاتەکە و هاونیشتمانییان روویان کردووەتە زێڕ و سامانەکانی دیکەی پەیوەست بە دۆلاری ئەمریکی.
 
بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بۆ 50٪ بەرزکردووەتەوە، بەڵام هێشتا هەوڵەکانی بێئاکام بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە