100 دۆلار گەیشتەوە 152 هەزار دینار

01-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ نرخی دینار بەرامبەر دۆلار کەمێک دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستندا گەیشتە 152 هەزار دینار. نرخی تمەنیش جێگیرە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1.2.2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 151 هەزار و 650 دینار بوو.
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر، لە سەرەتای مامەڵەکانی رۆژدا نرخی دینار لە بەرزبوونەوەدا بوو و گەیشتە 151 هەزار و 350 دینار بەرامبەر 100 دۆلار، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هاوکات، لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 151 هەزار و 450 دینار و لەکاتی داخستنیشدا بە 152 هەزار دینار بوو.
 
خستنەڕووی کەمیی دۆلار بەشێوەی کاش لە لایەن بانکی ناوەندییەوە هۆکارێکی دابەزینی نرخی دینار بوو کە کەمتر لە 6 ملیۆن دۆلاری بە شێوەی کاش فرۆشتووە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 215 ملیۆن و 490 هەزار و 165 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە 209 ملیۆن و 870 هەزار و 165 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 5 ملیۆن و 620 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بوو.
 
هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دینار، دڵەڕاوکێیە لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە تۆڵەی هێرشی سەر هێزەکانی لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 41ی دیکە. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەداتە بازرگانان، بەڵام زۆرینەی پارەکە بۆ حەواڵەیە و دەچێتە وڵاتانی دەرەوە، نەوەک بازاڕەکانی نێوخۆ.
 
هەروەها نرخی تمەنی ئێرانیش جێگیرە و لەکاتی داخستندا بە حەواڵە 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 650 هەزار تمەن و بە نەختیش 100 دۆلار بەرامبەر 5 ملیۆن و 450 هەزار تمەن بوو.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە