لە رۆمانیا بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵ پێستی ورچ لەبەردەکەن

31-12-2016
رووداو @Rudawkurdish
 لە رۆمانیا ورچ هێمایە بۆ خێر و خۆشی
لە رۆمانیا ورچ هێمایە بۆ خێر و خۆشی
نیشانەکردن ساڵی نوێ
A+ A-

رووداو - رۆمانیا 

یەکێک لە نەریتە سەرنجڕاکێشەکانی پێشوازیکردن لە سەری ساڵ لە رۆمانیا، لەبەرکردنی پێستی ورچە، چونکە پێستی ورچ هێمای خێر و خۆشییە لەو وڵاتە. 

خەڵکی ئەم وڵاتە وەک بابەتێكی نەریتیی و کەلەپوری سەیری ئەم بۆنە و ئاهەنگە دەکەن و، ئەمەش شتێکە کە لە مێژووی ئەواندا رەگ و ریشەی هەیە و بابەتێکی تازە داهێندراو نییە.

ماراتوا، یەکێکە لەو کەسانەی هەر لە منداڵییەوە بەم نەریتە راهاتووە. ئێستایش کە تەمەنی 50 ساڵ زیاترە، ئەم بۆنەیە وەکو بیرهێنانەوەیەک بۆ کاتەکانی رابردووی سەیر دەکات.

ماراتوا، خەڵکی گوندی ڤێرمێستی لە رۆمانیا لەمبارەیەوە دەڵێ "من، تەمەنم 52 ساڵە و 45 ساڵە پێستی ورچم لەبەرکردووە. ئێمە ئەمەمان لە بەتەمەنەکانمانەوە وەرگرتووە و، شتێک نییە  دەستمان پێکردبێت".

هەروەها دەڵێ " من، خەڵکی گوندی ڤێرمێستی-م و، لەگەڵ هاوڕێیان دەچین بۆ زاڤۆی، چونکە هەموومان پێکەوە لەوێ گەورە بووین. هەموومان لە یەک قوتابخانە بووین و هەموو شتمان پێکەوە بووین. پێکەوە بۆ هەموو شوێنێک دەچووین، تۆش هەر ئەمەت بەسە بۆ ئەوەی بزانی کەلەپووری ئێمە چۆنە".

بە گوێرەی ئەفسانە کۆنەکان، ورچ بچێتە ماڵی هەر کەسێکەوە خێر و خۆشی روو لەو ماڵە دەکات. ماراتوا-ش باوەڕی بەوە هەیە کە لەبەرکردنی پێستی ورچ لە بەرەبەری سەریساڵدا هەستێکی خۆش دەبەخشێت.

بۆ ماڵئاواییکردن لە 2016 و بەخێرهێنانی 2017 دەیان کەس لە شارۆچکەی کۆمانێستیی ناوەڕاستی رۆمانیا پێستی ورچیان لەبەرکرد و بە دەم میوزیکی فۆلکلۆرییەوە سەمای ورچیان کرد. بە گوێرەی کەلەپووریی پێش مەسیحییەت، لەبەرکردنی ئەمجۆرە لە جلوبەرگ و ئەنجامدانی ئەمجۆرە سەمایە هێزی شەڕ و ئەهریمەن لەنێودەبات.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە