بۆچی خەون بە تاقیکردنەوەیەکەوە دەبینین کە خۆمان بۆی ئامادە نەکردووە؟

31-05-2024
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەر قوتابی یاخود خوێندکاریت و لە هەر ئاستێکی خوێندندایت، بێگومان جارێک لە جاران خەونت بەوەوە بینیوە کە تاقیکردنەوەیەکت هەیە، بەڵام خۆتت بۆ ئامادە نەکردووە، یانیش ئەوەتا 'بە هەڵە' بابەتێکی دیکەت خوێندووە. ئەگەر ئەمانەت هەیە، یاخود لەو کەسانەی تا درەنگی شەو لە ترسی تاقیکردنەوە خەوت لێناکەوێت، ئەم راپۆرتە بۆ تۆیە؛ پرۆفیسۆرێکی بەریتانی پێمان دەڵێت بۆچی و چۆن ئەمە روودەدات، چارەسەریش دەخاتەڕوو. 
 
ئۆلواتۆسین، گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە و لە بەریتانیا دەژیت. ساڵی داهاتوو تاقیکردنەوەی دوا قۆناخی قوتابخانەی لە شاری لیدز دەکات.  ئەو دەشزانێت کە بە نزیکبوونەوەی کاتی تاقیکردنەوە، دووبارە هەمان مۆتەکەی دێتەوە پێش. 
 
ئۆلواتۆسین لە خەودا، خۆی لەنێو هۆڵی تاقیکردنەوەدا دەبینێتەوە، کاخەزی پرسیارەکانی بیرکاریی لەپێشی دانراون، بەڵام دەبینێت ئەمە هیچ ئەوە نییە کە خۆی بۆ ئامادە کردووە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە وانەی ئامار و میکانیکی خوێندووە. لەخەو رادەچڵەکێت، دەبینێت ئارەقەی کردووە و ژانەسەر گرتوویەتی، دەزانێت ئەوەی روویدا هەمووی تەنیا خەون بوو. 
 
لە راستیدا، هیچ رێگەیەک نییە بۆ زانینی سرووشتی ئەو خەونانەی بە تاقیکردنەوەکانەوە دەبینین چونکە هەموو کەسێک ئەو خەونانەی وەبیرنامێنێت. ئەگەر ئێستا لێتان بپرسم کەی و چۆن خەونێکی لەو جۆرەتان بینی، لەوانەیە بڵێن فڵانە ساڵ یان مانگ و بە فڵانە وانەیەوە بوو، بەڵام سرووشتی مرۆڤ وایە کە چەند ساتێک دوای لەخەو هەڵسانیان ورد و درشتی خەونەکانیان لەبیردەچێتەوە. ئەوەش وادەکات لێکۆڵینەوە لەسەریان قورس بێت. 
 
بۆچی ئەو جۆرە خەونانە دەبینین و، ئایا هیچ رێگەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە خەونانە رابگرین؟ 
 
کۆڵن ئێسپی، پرۆفیسۆری دەرمانی خەوە لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا؛ دەڵێت، مێشکی ئێمە بەخەبەرە، تەنانەت ئەو کاتانەی خەوتووشین: "لێکدانەوە بۆ ئەو شتانە دەکات کە لە رۆژەکەدا فێریبووین و ئەزموونمان کردووە. یادگارییەکانمان بونیاددەنێت و هەستەکانمان شیکار دەکات." 
 
بەڵام دەشڵێت، هەر مێشکی ئێمە خەونیش بەرهەمدەهێنێت: "مەیلی ئەوەمان هەیە کە تێڕوانینێکی کەممان دەست بکەوێت لەسەر ئەو راستییەی کە مێشکمان کار لەسەر شتانێک دەکات."
 
ئێسپی پێیوایە، ئەو خەونانەی بە تاقیکردنەوەکانەوە دەبینین، دەبێت "یارمەتیی دڵنیابوونەوەمان بدەن"، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا مێشک فێری شتانێک دەبێت بەبێ ئەوەی ئاگاشمان لێبێت.
 
ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت: "ئەوەی لە شەودا روودەدات، کاتێک خەوتوویت، ئەوەیە کە لەوانەیە مێشکت پێتبڵێت.. 'من دەزانم کە ئەم شتە بەلاتەوە گرنگە، دەزانم کۆمەڵە شتێک هەن کە دەبێت بکرێن، ئا ئەوەتا من کاریان لەسەر دەکەم'." 
 
بەڵام وەکو پرۆفیسۆر ئێسپی دەڵێت، ئەوە مانای ئەوە نادات، تەنیا بیر لە وانەیەک بکەینەوە و نەیخوێنین، بڵێین "دەی تەواو، ناخوێنم، بە مێشکمم گوتووە، خۆی ئەمشەو چارەسەری دەکات". 
 
هەر بەڕاست قوتابییان لە ژیانی رۆژانەیاندا ئەزموونی زۆر شت دەکەن و بیر لە زۆر شتیش دەکەنەوە. ئەی بۆچی تاقیکردنەوە بە مێشکماندا دێت لەکاتی خەودا؟ 
 
لەو بارەیەوە، پرۆفیسۆرە بەریتانییەکە دەڵێت: "شتێکی باوە کە مرۆڤ خەون بەو شتانەوە ببینێت کە سەرچاوەی هەڕەشەن بۆی." دەشڵێت، هەر لەبەر ئەوەی شتێک وەکو سەرچاوەی هەڕەشە تەماشا دەکەین، مانای ئەوە نادات کە شتێکی خراپە، بەڵکو دەکرێت شتێکی ئاستەنگهێن بێت. بێگومان، تاقیکردنەوەش بۆ قوتابی ئاستەنگهێنە.
 
ئەو دەشڵێت، زۆربەی خەڵکی بۆ تاقیکردنەوەیان بەپەرۆش نین: "بەڵام هەر خۆی بە درێژایی رۆژەکە لە خەیاڵت دایە، بۆیەش نابێت زۆر پێمان شتێکی سەیر بێت ئەگەر لە شەویشدا و لە کاتی خەویشدا بە بێتەوە خەیاڵمان." 
 
خەونەکانی پەیوەست بە تاقیکردنەوەوە "زۆر باون.. هەموو کەسێکیش خەون دەبینێت، تەنانەت ئەگەر بیریشیان نەمێنێت" و وابیربکەنەوە کە هیچ خەونێکیان نەبینیوە. 
 
خەونی بەسۆز
 
زوهاڵ خوێندکارێکی کچە و تەمەنی 19 ساڵە. زۆر جار خەون بەوەوە دەبینێت لەکاتی دەوام دواکەوتووە. ئەو دەڵێت: "من دوو بۆ سێ کاژێر پێش لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەم لەخەو هەڵدەستم. دەڵێم دەبێت کاژێرێکی دیکە بخەوم، بەڵام خەوم لێناکەوێت." 
 
ئەم دیاردەیە، بۆ پرۆفیسۆر ئێسپی "زۆر سادەیە". ئەو دەڵێت: "دەتوانیت بزانیت کاژێر چەندە، تەنانەت ئەو کاتانەشی کە خەوتوویت." ئاماژە بەوەش دەکات، لە دێرزەمانەوە مرۆڤ هیچ موبایلی زیرەک و کاتژمێر و زەنگی ئاگادارکردنەوەشی نەبووە [بەڵام لەو کاتانەی کە ویستوویانە لەخەو هەڵبستن، لەخەو هەستاون." 
 
ئەو پرۆفیسۆرە باس لەوەش دەکات، مۆتەکە (خەونی ناخۆش) "خەونی بەسۆزن- ئەوەش نیشانەیەکن کە هەستەکانمان شیکار دەکرێن (پرۆسێس دەکرێن) لەکاتێکدا ئێمە خەوتووین." بەشێکی ئەم خەونانە دەکرێت چەندین ساڵ لەگەڵ مرۆڤ بەردەوام بن، لەنێویدا ئەو خەونانەی لەبارەی تاقیکردنەوەوە دەیانبینین. 
 
ئەو پرۆفیسۆرە دەشڵێت، ئەو خەونانەی بە تاقیکردنەوەوە دەبینین، دەکرێت هەر جۆرە تاقیکردنەوەیەک بێت، نەک هەر تاقیکردنەوەی قوتابخانە. 
 
چارەسەر؟
 
ئەی چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەو خەونە ناخۆشانەی لەبارەی تاقیکردنەوەوە دەیانبینین، دابگرین؟
 
ئەگەر لە راستیدا تاقیکردنەوەتان لەپێشە، پرۆفیسۆر ئێسپی پێشنیاری ئەوە دەکات کە خشتەی کاتی خوێندنێکی باشت هەبێت لەگەڵ پشوودانی بەردەوام بۆ ئەوەی بتوانیت "دڵنیا بیتەوە کە پلانێکت هەیە، و ئەو پلانە دەخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
پرۆفیسۆر ئێسپی دەڵێت، ئەوەندەش بیر لە تاقیکردنەوە مەکەوە. کاتێک سەرت دەخەیتە سەر سەرین "ئەگەر هەر بیرکاری بە دەوری مێشکتدا بسووڕێتەوە، چانسی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە نێوەڕاستی شەودا لەخەو راچڵەکیت" لەبەر ئەوەی لە خەویشدا وازت لێناهێنێت. 
 
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی "ئەو خەوە ناخۆشانە" پرۆفیسۆر ئێسپی پێشنیاز دەکات خۆمان بەو چالاکییانەوە سەرقاڵ بکەیت کە ئارامیی بە مێشک دەدەن. 
 
رۆز قوتابییەکی کچی تەمەن 19 ساڵانە. هیچ خەونێک بە تاقیکردنەوەکانەوە نابینێت – یانیش ئەوەتا دەیبینێت بەڵام لەیادی نامێنێت. بەڵام هێشتا تاقیکردنەوەکان خەو لەویش تێکدەدەن. زۆرجار تا کاژێر 2:00ـی شەو خەوی لێناکەوێت. 
 
تاکە چارەسەر بۆ ئەو کێشەیەی رۆز، وەکو خۆی دەڵێت، ئەوەیە کە تەماشای زنجیرە فیلم کارتۆنی ریک و مۆرتی دەکات کە زنجیرەی دڵخوازی ئەوە: "ئەوە ئارامم دەکاتەوە و [یارمەتیم دەدادت] لەوەی ئاسانتر خەوم لێبکەوێت." 
 
پرۆفیسۆر ئێسپی دەڵێت، مەحاڵە بتوانیت خۆت بخەوێنیت، بەڵکو ئەوەی روودەدات، خەولێکەوتنە. 
 
ئەگەر کاژێر 4:00ـی بەیانی خۆت بینییەوە کە تەماشای بنمیچی ژوورەکەت دەکەیت و خەوت لێناکەوێت، ئەوا پرفیسۆرە بەریتانییەکە پێشنیازت بۆ دەکات رووی خۆت وەربگێڕیت، هەوڵبدە خۆت ئارام بکەیتەوە بەوەی بە خۆت بڵێیت هێشتا سێ کاژێرت ماوە بۆ خەوتن پێش ئەوەی بۆ تاقیکردنەوە لەخەو هەڵسیت، نەک هەر نیگەران بیت بەشی پێویست لە خەو وەرناگریت.
 
ئەگەر نەشتوانی ئەوە بکەیت و بخەویت، "10 خولەکی پێش خەوتن بەبێ موبایل و کاتژمێر بەڕێبکە بۆ ئەوەی خەوت لێبکەوێت." 
 
ئەی ئەگەر هێشتا خەوت لێنەکەوت چی؟
 
پرۆفیسۆر ئێسبی پێشنیاز دەکات، بۆ ماوەیەکی کورت لەناو جێگەکەت بێیتە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر خەواڵووش بوویت. دواتر بچۆرەوە سەر جێگەی نووستن و بە ئارامی سەر لەسەر سەرینەکەت دابنێ و "خۆت دڵنیا بکەوە لەوەی کە شتێکی ئاساییە خەبەرت بووەتەوە [و دەتوانیت بخەویتەوە]."  
 
دەشڵێت، بڕوات بە خۆت هەبێت، تەنانەت ئەگەر نیوەی شەویش رۆشتبێت، هێشتا کات ماوە بۆ خەوتن: "تەنیا ئەوەیە کە شتەکان لەخۆت گەورە مەکە." 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە