سکرتێری گشتیی ناتۆ: لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاڵای فینلاند لە بنکەی ناتۆ بەرزدەکەینەوە

31-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، فینلاند لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێوەیەکی فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ و پیرۆزباییش لە سەرۆکی وڵاتەکە دەکات بە تێپەڕاندنی دوایین ئاستەنگی بەردەمیان. 
 
رۆژی هەینی، 31ـی ئاداری 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە تویتێکدا نووسی: "چاوم لەوەیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، ئاڵای فینلاند لە بنکەی ناتۆ هەڵبدەین. بەیەکەوە بەهێزتر و سەلامەتترین". 
 
لەدوای چەند مانگێک لە دواخستن، دواجار، پێنجشەممە، 30-03-2023، پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەربڕی. بەوەش، ئەو ئاستەنگەی لەبەردەم فینلاند بوو هەڵگیرا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانییە بەرگرییەکە. 
 
ستۆڵتنبێرگ لە راگەیێندراوێکی دیکەدا گوتی، فینلاند "هێزی پێویست، توانای پێشکەوتوو و دامەزراوەی بەهێزی دیموکراسی هەیە" و ئاماژەی بەوەشکرد، "فینلاند زۆر شت دەهێنێتە نێو هاوپەیمانێتییەکەمانەوە". 
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە بنکەی هاوپەیمانێتییەکە لە برۆکسل کۆببنەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەوکات ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆدا بەشێوەیەکی فەرمی رابگەیێندرێت. 
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی پاردا، هەریەک لە سوێد و فینلاند رێچکەی چەند ساڵەی بێلایەنییان شکاند و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا هەردوو وڵاتەکە بەشێوەیەکی فەرمیی داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکرد. 
 
هەرچی داواکاریی ستۆکهۆڵمە، بەهۆی پێداگیریی تورکیا و هەنگاریاوە هەڵپەسێردراوە، بەڵام ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هاوپەیمانان کۆکن لەسەر ئەوەی کە "ئەنجامێکی خێرای پرۆسەی پەسندکردنی سوێد لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا دەبێت". گوتیشی کە "چاوم لەوەیە لە زووترین کاتدا وەکو ئەندامێکی تەواو، پێشوازی لە سوێدیش بکەین بۆ نێو خێزانی ناتۆ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە