رووداو دیجیتاڵ
رێژەی ئاوی ژێرزەوی لە ئەریزۆنای ئەمریکا کەمیکردووە. دوای سەتان مەتر هەڵکەندن هێشتا ناگاتە ئاو، جووتیارانی ناوچەکە لە دۆخی ئاو نیگەرانن و دەڵێن، "بژێوی ژیانمان لەسەر خاکە ئاو نەبێت نە خاک نە ئێمە، نابین."
ماتیو هانکۆک، جووتیارە لە شارۆچکەیەکی ئەریزۆنا، گلەیی لە کۆمپانیا بیانییەکان دەکات و دەڵێت، بیرەکانیان وشکی کردووە و بەرهەمەکانیشیان هەناردەی وڵاتانی خۆیان دەکەن
وێنجەکەی وشک هەڵاتووە. 10 ساڵ لەمەوبەر بیرەکانیان چەند مەترێک دەگەیشتە ئاو، ئێستا سەتان مەتر لێدەدەن هێشتا هەر وشکە.
ماتیو هانکۆک، دەشڵێت، "بژێوی ژیانی ئێمە لەسەر خاکە. لەسەر ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەر زەوییە. ئەگەر ئاو نەبێت ئێمەش نابین. خاکیش نەبێت ئێمەش نابین."
گلەیی زیاتری جووتیارانی خەڵكی ئەریزۆنا لە کۆمپانیای "ئەلزاهرە"ـی کشتوکاڵییە کە کۆمپانیایەکی ئیماراتییە و وێنجە لەسەر 1214 هێکتار دەچێنێت.
جووتیاران دەیانەوێت پەیامی خۆیان بگەیێننە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کە بە (کۆپ28) ناسراوە و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە ئیمارات بەڕێوەبچێت. دەیانەوێت بە ئیمارات بڵێن، "کۆمپانیاکەتان ئاوی ژێرزەوی ئێمەی وشککردووە".
هۆڵی ئایروین، سەرپەرشتیاری کەرتی لاپاز لەبارەی گرفتەکەوە دەڵێت، "ئەوان دەرفەتیان لەو راستییە وەرگرتووە کە لێرە یاسا نییە. ئەوان ئاوی ژێرزەوی ئێمە دەبەن بۆ سەوزکردنی گژوگیا کە دواتر دەینێرنە وڵاتانی خۆیان کە لەوێ ئاویان کەمە."
بەرپرسانی ئەریزۆنا دەڵێن، لە ساڵی 1950 بەدواوە، بە 30 مەتر بیرلێدان دەگەیشتنە ئاو، بەڵام ئێستا بە 160 مەتر مەگەر بگەنە ئاو، بێگومان هەموو گلەییەکەیان لە کۆمپانیاکان نییە، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکارێکی وشكبوونی ئاوی ژێرزەوی دەزانرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ