لە هیندستان مانگایەک دەبێتە خاوەنی مارکێتێک

30-10-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
مانگاکە لەنێو مارکێتەکەدا
مانگاکە لەنێو مارکێتەکەدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای حەوت ساڵ لە چوونی مانگایەک بۆ مارکێتێکی شاری رایپور لە هیندستان، دواجار مانگاکە کرا بە خاوەنی مارکێتەکە، کە پۆشاکی میللی هیندستانی دەفرۆشێت.
 
خەڵک ناوی مانگاکەیان ناوە "چاندرامانی" و بە ئارەزووی خۆی دەوام دەکات، هەر رۆژێک زووتر لە کاتی خۆی بڕواتەوە، کەس بۆی نییە لۆمەی بکات.
 
مانۆهارا ساری، خاوەن مارکێتەکە دەڵێت، "مانگاکە هەموو رۆژێک لەنێوان 3 بۆ 7ی ئێوارە بۆ ماوەی 30 خولەک تاوەکو 2 کاژێر لامان دەمێنێتەوە. ئێمەش بێزاری ناکەین، وەکو خاوەن دووکان سەیری دەکەین و وەکو خاوەن دووکانیش خزمەتی دەکەین."
 
بەو پێیەی مانگا لە ئایینی هیندۆسەکاندا پیرۆزە، هەر کەسێک دەچێتە ئەو دووکانە، سەر بۆ مانگاکە دادەنوێنێت. لەوەتەی مانگاکەش بووەتە خاوەن کار، جموجۆڵیش کەوتووەتە بازاڕەکەوە.
 
پادام داکیلیا، هاووڵاتی هیندی دەڵێت، "لەو کاتەی لەدایک دەبین، دایکمان شیرمان پێدەدات، بەڵام بە درێژایی تەمەنمان شیری مانگا دەخۆینەوە. تەنیا شیریش نا، بگرە ماست و کەرەیشی لێ بەرهەم دەهێنین. زەوی بەهۆی پاشەڕۆی مانگاوە بەهێز دەبێت، کە بەروبوومی لێ دەڕوێت. مانگا پیرۆزیی ژیانمانە."
 
مانگاکە دوای دوو کاژێر کارکردن، هەرچەندە دار لەسەر بەرد دانانێت، بەڵام بێزار دەبێت و ئاماژە بە رۆیشتن دەکات؛ کارمەندانی مارکێتەکەش لەبەری هەڵدەستنەوە و بە رێزەوە بەڕێی دەکەن. حەوت ساڵە مانگاکە خاوەنی مارکێتەکەیە، بەڵام نە خەمی باجیەتی و نە کرێی دووکانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە