رووداو دیجیتاڵ
ساتی رووخانی خانوویەکە لە ویلایەتی باکوور لە سوودان. ئەمە بەهۆی لافاوێک کە نزیکەی هەفتەیەکە وڵاتەکەی گرتووەتەوە. بەشێکیان بە گریانەوە باسی ساتی لافاوەکە دەکەن.
ئیبتهال عەبدوڵڵا، هاووڵاتییە و دەڵێت، "ئاوەکە وردە وردە زیاد دەبوو، دواتر بینیمان خانوو و دیوارەکانی رووخاندن. بەشێک لە دراوسێکانمان بێ ماڵ و حاڵن. ئەو شوێنەی من لێی وەستاوم ماڵی باپیرمە و منیش ئاوارە بووم."
ئەم هەفتەیە لافاو لە 18 ویلایەتی وڵاتەکە 10یانی گرتەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی سوودان، بەهۆی لافاوەکانی ئەم ساڵەوە 138 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 32یان لەم هەفتەیەدا بووە.
هەروەها، 27 هەزار خانوو رووخاون و 118 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
بەشێک لەوانەی بێ ماڵ و حاڵ بوون دەیانەوێت ئەگەر بە کاتیش بێت، شوێنێکی مانەوە بۆخۆیان دروست بکەن.
یاسین عەبدوڵڵا، هاووڵاتیی سوودانییە، دەڵێت: "ئێستا کار بۆ دروستکردنی پەناگەیەک بۆ خێزانەکەمان دەکەین، ئەمە بەو کەرەستانەی لە خانووە رووخاوەکە دەستمان کەوتوون. ئەم پەناگەیە بەکاردەهێنین تاوەکو ئەو کاتەی یارمەتیمان پێدەگات."
نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری داوە، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی مردووان هەیە، چونکە ژمارەیەک هاووڵاتیش کەوتوونەتە ژێر دارووپەردووی خانووە رووخاوەکان.