رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە حەوتەم سەردانیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدوای شەڕی غەززە، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سعودیە رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازێکی ئاگربەستی پێشکێش بە حەماس کردووە و دەستپێشخەریی زۆری تێدایە.
ئەنتۆنی بلینکن بە ناوی ئیسرائیلەوە دەڵێت، ئێستا بڕیاری کۆتایی لە دەست حەماسە: "پێشنیازێک خراوەتە بەردەم حەماس کە ئەوپەڕی بەخشندەیی ئیسرائیل پێشاندەدات، لەم کاتەدا تەنیا شتێک لەنێوان خەڵکی غەززە و ئاگربەستدایە، حەماسە. دەبێت بڕیاربدەن و بەخێراییش بڕیاربدەن. چاومان لەسەریەتی و هیواخوازین بڕیارێکی دروست بدەن."
بۆ یەکەمجار لە دوای حەوت مانگ، ئیسرائیل ئامادەیی پێشان دەدات گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی بکات، بەڵام هەڕەشەش دەکات ئەگەر حەماس پێشنیازەکەی ئیسرائیل قبووڵ نەکات، هێرش دەکەنە سەر رەفەح.
رەفەح شوێنی مانەوەی نزیکەی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی فەڵەستینییە و ئۆپەراسیۆنی سەر شارەکە چاوەڕوانی کەوتنەوەی کارەساتی لێدەکرێت.
بلینکن لە ریازی پایتەختی سعودیە رایگەیاند: "دەمێکە و بە روونی لەسەر رەفەح رای خۆمان گوتووە، لە نەبوونی پلانێک بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی خەڵکی سڤیل، پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناکەین بۆ سەر رەفەح. تاوەکو هیچ پلانێکمان نەبینیوە کە پێشان بدات خەڵکی سڤیل زیانیان بەرناکەوێت."
بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان ئامادەن گفتوگۆ دەربارەی وەستاندنی شەڕ بکەن و ئۆپەراسیۆنی رەفەحیش راگرن، حەماس دەڵێت دواین پێشنیازی ئیسرائیل ئەرێنییە، بەڵام پێشتر کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە و ئاگربەستی هەمیشەیی و ئازادکردنی زیندانییەکانی بە تاکە مەرجی رێککەوتن داناوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی دەڵێت: "ئەوەی هیوای بۆ دەخوازین، دوای شەش هەفتە لە ئاگربەستی کاتی، لەوانەیە بتوانین شتێک رابگەیەنین زیاتر درێژە بکێشێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ