گالەری

کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس کە ساڵی 2019 ئاگری تێبەربوو و بەشێکی زۆری سووتا، ئەمڕۆ لەدوای پێنج ساڵ لە نۆژەنکردنەوەی، کرایەوە.
 
نۆتردام لە پاریس بەنێوبانگترین کاتێدرالە لەسەر ئاستی جیهان؛ مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1163ـی زایینی دەگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ (هەینی) بە بەشداریی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کاتێدرالەکە کرایەوە، بەڵام رۆژی 7-12-2024 بەڕووی خەڵکدا بەتەواوی دەکرێتەوە.
 
نۆژەنکردنەوەکە نزیکەی 739 ملیۆن دۆلاری تێچووە و بە وردی کار لە دیزایینکردنەوەیدا کراوە.
 
لە 2019 ئاگرەکەی نۆتردام دوای شەش کاژێر و کارکردنی 400 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە، کۆنترۆڵکرا، بەڵام زیانی گەورە بە باڵەخانە و کەلوپەلە مێژووییەکانی کەوت.
 
نۆتردام کاتێدراڵێکی کاتۆلیکییە، بەشێکی گرنگ و شوێنێکی سیمبوولیی فەرەنسایە و تەمەنی 855 ساڵە. دروستکردنی 182 ساڵی خایاندووە.
 
رووبەری نۆتردام 6144 مەتر دووجایە، دوو تاوەری گەورەی هەیە کە درێژی هەریەکێکیان 69 مەترە، کە لە ئاگرەکەدا زیانیان بەرنەکەوتبوو.
 
*وێنەکان لە ئاژانسی AFP وەرگیراون.