رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی کەرتی غەززە و ئەو نەهامەتییانە هاتە دەنگ کە بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە؛ دەڵێت، دەبێت ئیسرائیل بە روونی و بەبێ دواخستن رێگە بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی سڤیل بدات.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "ئاگادارین لە هەندێ شوێن لە غەززە بەهۆی نەبوونی دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە، نەشتەرگەری بەبێ مادەی سڕکەر (بەنج) ئەنجامدەدرێت،" داوادەکات رێگە بە گەیشتینی کەرەستەی پزیشکیش بدرێت، دەڵێت وەک ئەوە وایە لە "چاخی ناوەڕاست بژین".
داواکاری گشتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەڵێت، خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن و بریندار دەبن، دەڵێت، ئیسرائیل لەبەردەم پابەندییەکی رەوشتیدایە لەشەڕی دژی حەماس و دەبێت ئەو پابەندییە بپارێزێت.
کەریم خان نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکانی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل پێشاندا و داوایکرد "دەستبەجێ" بارمتەکانی دەستی حەماس ئازاد بکرێن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە نێو کەسوکاری خۆیان.
ئەم گوتانە لەکاتێکدان، شەڕی ئیسرائیل و حەماس پێدەنێتە هەفتەی چوارەم و بەهۆیەوە زیاتر لە 8000 فەڵەستینی کوژراون. هاوکات 1400 ئیسرائیلیش لە ئەنجامی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ