رووداو دیجیتاڵ
لە بەریتانیا رۆژی حەوتەمی بانگەشەی هەڵبژاردنە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەشداری لە یارییەکدا کردووە، بەڵام تۆپەکەی بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، ئەوەش رێک رەنگدانەوەی دۆخی پارتەکەیەتی لە مەیدانی سیاسیدا.
بەگوێرەی دوایین راپرسی، پارتی پارێزگاران 27 خاڵ لە دوای پارتی کاری بەریتانیایە کە تەنیا 20٪ـی دەنگەکانی مسۆگەر کردووە.
ریشی سووناک دەیەوێت لە رێگەی کەمکردنەوەی باجی سەر خەڵك ئەم ئامارە خراپانە پێچەوانە بکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو پڕۆژە بڕیارەی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دەرماڵەی خانەنشینان 2.5٪ زیاد دەکات و هیچ باجێکیشی ناچێتە سەر. ئەم بەرنامەیە وادەکات 8 ملیۆن بەریتانی لە 2025دا 100 پاوەند باج کەمتر بدەن و لە 2030ش بەولاوە ساڵانە 275 پاوەند کەمتر.
ئەمە واتا کەمبوونەوەی باجی سەر خەڵک بە قەبارەی 2.4 ملیار پاوەند.
میل ستراید، وەزیری کار و خانەنشینان دەڵێت، "لە چوارچێوەی باجی نیشتمانیدا هاووڵاتییان خاوەن داهاتی خۆیانن، لە چوارچێوەی پلانەکانی خۆمان دڵنیایان دەکەینەوە کە دەرماڵەی پاڵپشتیی خانەنشینان دەگرێتەوە، بە واتایەکی دی، ئەو دەرماڵەیە هیچ باجێکی ناچێتە سەر."
ئەگەر پارتی کاری بەریتانیا لەو ئامارە باشانەی بەردەوام بێت، راپرسییەکان بەدووری نازانن هەڵبژاردنەکەی 1997 لەژێر سەرکردایەتیی جۆن مەیجەر دووبارە بێتەوە، کاتێک پارێزگاران 178 کورسی لەدەستدا.
راچێل ریڤس، وەزیری سێبەری دارایی بەریتانیا دەڵێت، "هەڵبژاردنی گشتی لە پێنج هەفتەی داهاتوودا دەرفەتێکە بۆ خەڵكی بەریتانیا تاوەکو بڕیار لەسەر 14 ساڵ لە پشێوی و پاشەکشەی ئابووری لەژێر دەسەڵاتی پارتی پارێزگاران بدەن. 14 ساڵ کە تێیدا باج لەسەر خەڵک 70٪ بەرزبووەتەوە، قەرزی نیشتیمانی دوو هێندەی لێهاتووە. خاوەن ماڵێکی ئاسایی دەبێت مانگانە 240 پاوەند زیاتربدات وەکو رەهنی خانووبەرە."
بەگوێرەی هەمان راپرسی کە لەنێو لایەنگرانی پارتی پارێزگاران کراوە، تەنیا 36٪یان دەڵێن دەنگ بە پارتەکەیان دەدەن، 19٪یان دەنگ بە پارتی چاکسازی دەدەن، 19٪یان خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە و 14٪یشیان دەڵێن دەنگ بە پارتی کار دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ