زیاتر لە 30 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە

29-05-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 30 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆلەندا گیریان خواردووە. کۆچبەرەکان داوای پەناخوازی لە پۆڵەندا دەکەن. 
 
ئەو کۆچبەرانە زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیان؛ ژن، منداڵ و نەخۆشیان تێدایە، بەگوتەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو کۆچبەرانە لەلایەن بێلاڕووسەوە براونەتە سەر سنوور و ناشهێڵن بگەڕێنەوە، ئەو 30 کۆچبەرە کە داوای پەناخوازی لە پۆلەندا دەکەن، 3 رۆژە لەودیوی بێلاڕووسەوە گیریانخواردووە.
 
کۆچبەرێک لەودیو سنوورەوە هاواردەکات: "پێویستمان بە هاوکاریی ئێوەیە، تکایە فریامان کەون."
 
بەگوتەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو کۆچبەرانە لەلایەن بێلاڕووسەوە براونەتە سەر سنوور و ناشهێڵن بگەڕێنەوە.
 
مارتا ستانیزیوسکا، چالاکڤانی مافی مرۆڤە و دەڵێت، "ئەمانە لە بێلاڕووس سەلامەت نین. هێزەکانی بێلارووس وەکو ئەمانە پێیانگوتین، هەرەشەیان لێدەکەن کە ئەگەر بگەڕێنەوە، لێیان دەدەن. پێیانگوتوون ئەگەر بگەڕێنەوە دەیانکوژن. سەگیان لەهەندێکیان بەرداوە، ئەمانە لەشوێنێکی زۆر مەترسیداردان و وەکو گوتیشم منداڵی زۆریان لەنێودا هەن."
 
حکومەتی پۆڵەندا دیوارێکی پێنج مەتر و نیوی لەسەر سنووری بێلاڕووس درووستکردووە و کۆچبەران لەودیوەوە هەستدەکەن زیندانیکراون. نەدەتوانن بگەڕێنەوە، نە ئاودیوی پۆڵەندا بن.
 
کۆمەڵێک چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ خۆیان گەیاندووەتە سەر سنوور و لەترسی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا، لە دوورەوە لە دۆخی کۆچبەرەکانی دەپرسن. بەگوتەی ئەوان، کۆچبەران لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیداردان.
 
ماسیج گرزیوسکۆویاک، چالاکڤانە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئەو کەسانە لە سنووری پاسەوانیی سنووری پۆڵەندابن و خواستی خۆیان بۆ پارێزگاری نێودەوڵەتی پێشکێشبکەن، ئەوکات بەگوێرەی یاسای پێدانی پارێزگاری بۆ کەسانی بیانی لەسەر خاکی پۆڵەندا، دەبێت ئەو داواکارییە قبووڵ بکرێت."
 
لە 1ی تەمووزی 2022 پۆڵەندا دیواری سەر سنووری بێلاڕووس هەڵچنی، دوای ئەوەی لە 2021 سەتان کۆچبەر کە بەشێکیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، لە رێگەی بێلارووسەوە روویان لە پۆڵەندا و لیتوانیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کرد، میدیای ئەو وڵاتە دەڵێت، لەوکاتەوە 37 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، 300ی دیکەش بێ سەروشوێنن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە