رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت رووسیا بە 59 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری شاهید هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، پێویستیان بە فڕۆکەی جەنگییە بۆ ئەوەی لەم شەڕەدا براوە بن. رووسیاش ئەو هەنگاوە بە "یاریکردن بە ئاگر" ناودەبات.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، هێرشێکی دیکە بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا کرا؛ بە گوتەی بەرپرسانی کیێڤ، بە درۆنی ئێرانی جۆری شاهید هێرشەکان کراون. سەرۆکی ئۆکرایناش دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانیان لە 59 فرۆکە 58ی خستوونەتە خوارەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، ئەوکات گوتی، "ئەمڕۆ، وڵاتەکەمان یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانی رووسیای بە خۆیەوە بینی، ئەویش لە رێگەی 54 درۆنی جۆری شاهید لە یەک کاتدا. بە نزیکەیی سەرجەمیان خرانە خوارەوە."
هێرشەکان لەکاتێکدان، ئۆپەراسیۆنی بەهارەی ئۆکراینا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە لەدەستچووەکانی خەریکە هاوینی بەسەردادێت و هێشتا دەستی پێنەکردووە.
بەرپرسانی ئۆکراینی دەڵێن، پێویستیان بە فڕۆکەی جەنگییە بۆ ئەوەی لەم شەڕەدا براوە بن؛ وڵاتانی رۆژئاوا خۆیان لەو بڕیارە بەدوور گرتووە، بەڵام دەستیانکردووە بە راهێنان بە فرۆکەوانە ئۆکراینییەکان لەسەر بەکارهێنانی ئێف 16؛ هەنگاوێک کە رووسیا هۆشداری تووندی لەبارەوە دەدات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "رۆژئاوا یاری بە ئاگر دەکات؛ گومان لەوەدا نییە. هیوادارم خەڵكی ژیر خۆیان لەو پاڵپشتییە بێ باکانە بۆ رژێمی سەربە نازی بەدووربگرن کە رۆژئاوا خۆی دروستی کرد."
فرۆکەی ئێف 16 ئەمریکییە و لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروست دەکرێت؛ نرخی هەر دانەیەک زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلارە؛ توانای فڕینی 4,220 کیلۆمەتری هەیە؛ فرۆکەیەکی فرە فەرمانە و لە ئاسمان و زەوی ئامانجەکانی دەپێکێت.
ئەمریکا ئێستا بەباش نازانێت بۆ پێدانی فڕۆکەکان بە ئۆکراینا، ترس لە تەشەنەکردنی شەڕ یەکێکە لە هۆکارەکان.
مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، "رووسەکان هەزاران فڕۆکەی پێشکەوتووی نەوەی چوارەم و پێنجەمیان هەیە؛ بۆیە ئەگەر بتەوێت لە ئاسمان شەڕی رووسیا بکەی، پێویستت بە ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی نەوەی چوارەم و پێنجەمە؛ ئەگەر سەیری تێچوو بکەی و لێکدانەوە بکەی، ژیرانەترین بڕیار ئەوەیە ئێمە دامان کە بریتیبوو لە دابینکردنی سیستمی بەرگری بۆ ئۆکراینییەکان."
رۆژئاوا لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئۆکراینا بەردەوامە و لە 22ی شوباتی 2022ەوە شەڕ هەڵگیرساوە، واشنتن بە بەهای 37 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی ئۆکراینای کردووە؛ یەکێتیی ئەوروپا بە بەهای 4.6 ملیار دۆلار و بەریتانیاش بە بەهای 5.6 ملیار دۆلار یارمەتی کیێڤی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ